یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020.. ئیتاڵیا دەیەوێت شێرەکانی لەندەن لە دەریای شیندا نقوم بکات

رووداو دیجیتال

هەمووان روودەکەنەوە پەرستگای تۆپی پێ، هەموو چاوەکان لەو کانییە دەبێت کە تۆپی پێی لێوە هەڵقوڵاوە، وێمبڵی باوەش بۆ فایناڵی یۆرۆی 2020 لە نێوان ئینگلتەرا و ئیتاڵیا دەکاتەوە.

هەڵبژاردەی سێ شێرەکە دوای ئەوەی ئاستێکی بێوێنەی لە شەش یاریی رابردوودا پێشکێشکرد، ئێستا کاتی تەواوکردنی کارەکەیە، کاتی ئەوەیە وەک خۆیان دەیڵێن بیگەرێننەوە ماڵەوە، ئەوان بە یادگاری 55 ساڵ پێش ئێستاوە و دروست لەو کاتەی کە 1966 بۆ یەکەمجار مۆندیالیان برد، ئێستاش کە بۆ یەکەمجارە دەگەنە فایناڵ، نایانەوێ وا بە ئاسانی لەدەستیان بچێت، چونکە ئەستەمە لەم هەلە زێڕێنتر و لەم دۆخە گونجاوتریان لەنێو خاکی خۆیاندا بۆ بڕەخسێت.

لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای ئەوەی 15 ساڵی خۆش و ناخۆش، هەوراز و نشێو، تاڵ و شیرینی بەڕێکرد، ئێستا کاتی بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکەیە، هەم بۆ ئاشتکردنەوەی هاندەران، هەم بۆ تۆڵەکردنەوەی غیاببوونی رابردووی لە مۆندیال، ئاخر ئەوان کە خاوەنی چوار نازناوی مۆندیالن، ناکرێ لە نازناوێکی ئەوروپی زیاتریان نەبێت، ئازووری لە مێژوویدا تەنیا یەک یۆرۆی بردووەتەوە، کەچی دوو فایناڵی دۆڕاندووە، ناکرێ ببێتە سێ.

لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەمووان ئامادەن جگە لە فیل فۆدین، هێشتا گومان لە یاریکردن ئەو گاسکۆیینە نوێیە هەیە، پێشبینیش دەکرێت بەهەمان پێکهاتەی یاریی رابردوویان یاری بکەن، وەک چۆن هەمان پێشبینیش بۆ ئیتاڵییەکان کراوە کە هیچ گۆڕانکارییەک نەکەن و وەک چۆن شکستیان بە ئیسپانیا هێنا، ئاواش داو بۆ شێرەکانی لەندەن بنێنەوە و لە دەریای شیندا نقومیان بکەن.

لە قۆناخی رابردوو هەمووان وەک یەک بۆچوونیان باش نەبوو لەسەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ماندووبوون و دابەزینی تەکتیکی تیپەکە بە روونی دیاربوو، بەڵام وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن ئەوان بەبێ هیچ پەستانێک ئەم یارییە دەکەن، لە دوایین مەشقەکانیشدا زەردەخەنە بە رووی یاریزانانەوە دیاربوو.

بۆ ئینگلتەرا ئیدی دەبێت لەو خەوە راپەڕن کە هەمیشە لەگەڵ یادەوەرییەکاندا بژین، بارگاویکردنەوەی مۆڕاڵی تیپەکە بەوەی کە مۆندیالێکیان بەر لە 55 ساڵ بردووە زیادکراوێکی باش نابێت، تا ئەوەندەی بیر و تەرکیزیان لەلایەن خاڵە لاوازەکانی ئیتاڵیا بێت.