شاژنی بەریتانیا پەیامێک بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەنێرێت

11-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیلیزابێسی دووەم هەڵبژاردەی ئینگلتەرا
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا، پەسنی ئەو رۆح و پابەندی و شانازییەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای دا، کە لە یۆرۆی 2020ـدا پێشکەشی کردووە و هیوای خواست لە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە یاریی کۆتاییدا، سەرکەوتوو بێت.

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن، یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020 ئەنجام دەدەن.

شاژنی بەریتانیا، لە پەیامێکدا کە بۆ گارێس ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرای ناردووە، هیوای سەرکەوتن بۆ خۆی و تیپەکەی دەخوازێت.

ئیلیزابێسی دووەم، لە پەیامەکەیدا دەڵێت "بەر لە 55 ساڵ بەختی ئەوەم هەبوو کە جامی جیهانی پێشکەشی بۆبی مۆر بکەم، کە ئەوکات هەستم بە کاریگەری سەرکەوتن و بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێی نێودەوڵەتی گەورە بەسەر یاریزانەکان و کارگێڕییەوە دەکرد.

شاژنی بەریتانیا، هەروەها نووسیویەتی "دەمەوێت پیرۆزبایی خۆم و خانەوادەکەم پێشکەشی هەمووتان بکەم بەبۆنەی گەیشتن بە یاریی کۆتایی یۆرۆ، هیوادارم مێژوو نەک هەر سەرکەوتنتان، بەڵکو رۆح و پابەندی و شانازییەکەشتان تۆماربکات".

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020 دوای ئەوەی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا 2 - 1 لە دانیمارکی بردەوە، لە کاتێکدا ئیتاڵیاش بە بردنەوە لە ئیسپانیا، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 4 - 2 بڵیتی یاریی کۆتایی بەدەستهێناو، دوای ئەوەی کاتی یاسایی و هەردوو گێمی زیادکراو بە یەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتاییهات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە