ڤیدیۆ؛ نوسرەت گۆکچە، ئەو شێفە کوردەی ئەستێرەکانی تۆپی پێی سەرسامکردووە


رووداو دیجیتاڵ

نوسرەت گۆکچە، ئەو شێفەی باکووری کوردستان و تورکیا کە بەهۆی خواردنەکانی پەلی بۆ هەموو جیهان هاوێشت و ئێستا خاوەنی نێوبانگێکی زۆرە و لە هەموو سوچێکی جیهانەوە خەڵک سەردانی دەکات.

نوسرەت بەهۆی شێوازی پێشکێشکردنی خواردنەکانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ناوی خۆی لە هەموو جیهان بڵاوکردەوە، ئەو پەیوەندیی لەگەڵ هەموو کەسێک هەیە، بەڵام ئەوەی بۆ دونیای وەرزشی جێی سەرنجە، ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە ئەستێرەکانی جیهان لەگەڵ شێفەکە هەیانە و هەر کاتێک پشوویەک دەبێت ئەستێرەکانی جیهان خۆیان دەگەیێننە خواردنە سەرنجڕاکێشەکانی نوسرەت، کە رەنگە بەهۆی یارییکردنەوە زۆر کەم ئەو خواردنانە بخۆن یانیش هەر نەیخۆن.

دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ نوسرەت دەرکەوت و لەلایەن شێفە کوردەکەوە خواردنێکی سەرنجڕاکێشی پێشکێشکرا، کە بۆ مارادۆنا و هاوڕێکانی بووە جێی سەرنج.

دوای ئەوە لیۆنێل مێسی و ئانتۆنێلای هاوژینی، لەگەڵ پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فەرەنسیش لە یەک شەودا لەگەڵ نوسرەت گۆکچە دەرکەوتن، جگە لەوانیش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و چەندین ئەستێرەی دیکەی جیهانیش لە کاتە جیاوازەکاندا سەردانی نوسرەتیان کردووە.

نوسترە نەک تەنیا لەگەڵ یاریزانان، بەڵکو لەگەڵ بەشێکی یانەکانیش پەیوەندییەکی باشی هەیە، ساڵی 2019 یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە داوەتنامەیەکی فەرمیی ئەو شێفەی بۆ ئامادەبوون لە یەکێک لە یارییەکانیدا بانگهێشتکرد و دوای یارییەکەش لەگەڵ یاریزانانی یانەی شاهانە دەرکەوت و وێنەی یادگارییان پێکەوە گرت.

نوسرەت گۆکچە لە گوندی بەردکی شارۆچکەی ئۆرتلیانێی سەر بە پارێزگای ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 2017 ماڵباتی ئەو شێفە لە ڤیتییەکی رووداودا کوردبوونی نوسرەتیان دووپاتکردەوە و هێشتاش کەسوکارەکەی لەو گوندە دەژین.

چەند رۆژێکیش لەمەوبەر نوسرە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە گۆرانییەکی کوردیی بەناوی خەونێن شەڤا بوو و گۆرانییەکە هی گۆرانیبێژ ئایدنە و نوسرەتیش پرسیپووی چۆنە؟