ڤیدیۆ؛ رۆژی پێنجەمی تور دێ فرانس

11-07-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
.
.
A+ A-
رووداو ـ هه‌ولێر

رۆژی پێنجەمی تور دێ فرانسە و پیتەر ساگان، ناوە دیارەکەی تور، جارێکی دیکە دەرکەوتەوە.

رکابەریی ئەمجارە لە سان دێ ڤۆسژێوە دەستی پێکرد، تاوەکو شاری کۆلمار لەو پەڕی رۆژهەلاتی فەرەنسا، دوور نێوان ئەم دووشارە 175 کیلۆمەتر و نیوە، بەرزترین شوێنی ئێرە 659 مەترە لەسەر ئاستی رووی دەریاوە، شەش وێستگەشی تێدایە.

ئەمەی دەیبینن شاری ڤۆسژێییە، هاوسنوورە لەگەڵ شاری کۆڵمار، واتا لەگەڵ ئەوشارەی کە خاڵی کۆتایی رکابەریی گەڕی پێنجەمی تیدایە.

پاسکیلسوارەکان ئامادەن بۆ دەرچوون، لە پێش هەمووشیانەوە ژولیان ئالافلیپێی فەرەنسییە کە دەیەوێ پارێزگاری لە دریسی زەرد بکات.

با بگەڕێینەوە سەر پیتەر ساگان، ئەو پاسکیلسوارەی کە ساڵی 2017 بەهۆی رووداوێکی دوور لە گیانی وەرزشییەوە لە تور دێ فرانس دوورخرایەوە، ئێستا بە بەهێزییەوە دەرکەوتەوە و بووە پاڵەوانی گەڕی پێنجەم.

ئەم شوێنەی کە رکابەرییەکانی تێدا دەکرێت تا بڵێی دڵگیر و سەرنجراکێشە، بەڵام پاسکیلسوارەکان بە هیلاکیی جەستەیان بۆچوونێکی دیکەیان پێوەدیارە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و لێخوڕینی پاسکیل تێیدا زەحمەتە، بۆیە ئەوان هیوا بەم شوێنە دڵڕفێنە ناخوازن.

لە کۆتاییدا پیتەر ساگان بووە پاڵەوانی گەڕی پێنجەم، ئەمە جاری 12ـمینە ساگان دەبێتە پاڵەوانی رکابەرییەکانی رۆژانەی تور دێ فرانس، پێشتریش جارێک یەکەمی کۆی گشتی تور دێ فرانس بووە، ساگان ماوەی پێشبڕکێیەکەی کە 175 کیلۆمەتر بوو بە چار کاژێر و دوو خولەک و 33 چرکە بڕی، ڤان ئارێت دووەم و ترینتینی ئیتالیش سێیەم.

ماوەی 18 کاژێر و 44 خولەک و 12 چرکەشە ژولیان ئالافلیپێ یەکەمی ریزبەندی گشتی پاسکیلسوارانە.

شاری کۆلمار هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام بۆ ستەیجی شەشەم پاسکیلسواران سنووری ئەڵمانیا نابڕن و دەگەڕێنەوە بۆ باشووری شاری کۆلمان کە شاری پلانچ دێ بێلێ فیلی لێیە و بەهەمان شێوەی ناوچەی شاخاوی و سەخت رووبەڕووی پاسکیلسوارەکان دەبێتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە