لێدوانێکی ئاگرین لە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەسترە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەڵێت "من کەسێک نیم زۆر حەزم لە قسەکردن بێت، بەڵام دەمەوێت پێشانیبدەم من کێم."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە نوێترین لێدوانیدا بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 گوتی "لە راستیدا من یاریزانێکی کامڵم، بەڵام هەمیشە حەزم لەوەیە پێشبکەوم، من یاریزانێک نیم زۆر حەزم لە قسەکردن بێت، بەڵام دەمەوێت پێشانیبدەم من کێم."
 
دۆن رۆناڵدۆ زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "نەوەی مێژوویی کاتێک دروستدەبێت، کە لە تۆپی پێدا بەبردنەوە و بەدەستهێنانی نازناوەکان مێژوو تۆماربکات، لە راستیدا نەوەی ئێستای هەڵبژاردەی پۆرتوگال سەرسوڕهێنەرن، بەهرەمەندن و دەتوانن هەموو شتێک بکەن."
 
کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال زیاتر گوتی "پێویستە وەکو یەک تیپ کاربکەین و هەموو بیرکردنەوەمان یاری لە دوای یاری لەسەر یارییەکان بێت."
 
ئەم قسانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدایە، هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەمشەو دوایین یاریی خۆی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یۆرۆی 2024 ئەنجامدەدات و  بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێرلەندا یاریی دەکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یارییەکەی ئەمشەوی پۆرتوگال ئامادەیە، دوای ئەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەون و بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا دۆن وەکو یەکەم یاریزان لەسەر ئاستی جیهان بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.