رۆناڵدۆ گرێبەستێکی دیکەی گرنگی بۆ نەسڕ یەکلاییکردەوە

11-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ڤۆیچیچ چێزنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و گۆڵکاری یانەی نەسڕی سعودی، دوای ئەوەی بووە هۆکاری یەکلاکردنەوەی گرێبەستی فێرناندۆ هیێرۆی بەڕیوەبەری وەرزشی، ئەمجارەش رۆڵێکی کاریگەری هەبوو له یەکلاکردنەوەی ئەو گرێبەستەی چاوەڕوان دەکرێت له چەند رۆژی داهاتوودا لەنێوان یانەی نەسڕ و ڤۆیچیچ چێزنیی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی پۆڵەندا و یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیدا واژۆ بکرێت.
 
یانەی نەسڕ لەگەڵ گۆڵپارێزە پۆڵەندییە تەمەن 34 ساڵەکە لەماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی تیپەکە، کە ماوەی 3 ساڵ لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ شانبەشانی یەکدی بۆ یوڤێنتوس یاری کردووە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆڵی هەبووە لە رازیکردنی چێزنی بۆ قبوڵکردنی دەستەوارەکەی نەسڕ و دەڵێن "گۆڵکاری خولی پیشەگەری سعودیە چەندین ئاماژەی ئەرێنی پێشکێش بە هاوکارەکەی پێشووی کردووە سەبارەت بە یانەی نەسڕ و خولی سعودیە و ئەوش رۆڵی هەبووە لە رازیبوونی چێزنی بە چوونە خولی رۆشن".
 
هەرچەندە گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپی خانمە پیرەکە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوامە، بەڵام کارگێڕیی نەسڕ گەیشتە رێکەوتنێکی فەرمی لەگەڵ چێزنی بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو وەرزی داهاتوودا بچێتە تیپەکە، بە گرێبەستێک کە بە کەمێک زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سەرەتای ساڵی 2023، دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد، روویکردە یانەی نەسڕی سعودیە و لە دوای ئەو خولی سعودیە بووەتە شوێنی مەبەستی ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێ.
 
چێزنی، کە لەگەڵ پۆڵەندا یاری دەکات لە یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا و هەینی داهاتوو دەستپێدەکات، لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە یوڤێنتوسەوە کرد و 252 یاری لەگەڵ تیپەکە ئەنجامدا و هەشت نازناوی لەگەڵدا بردەوە، لەنێویاندا سێ نازناوی لەسەریەک لە خولی ئیتاڵیا.
 
ئەو گۆڵپارێزە هەروەها لەگەڵ یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزیش یاری کردووە، کاتێک لە ساڵی 2006 لە یانەی لیگیا وارشۆی پۆڵەندییەوە گەیشتە لەندەن، ئەو بەشداری 181 یاری لەگەڵ تیپەکە کردووە و جامی یەکێتیی ئینگلتەرای لە ساڵانی 2014 و 2015 بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەوەی دوو ماوەی خواستن لەگەڵ یانەی برێنتفۆردی ئینگلیزی و یانەی رۆما بەسەربردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە