دی برۆین و لاوتارۆ لەبارەی یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگ چییانگوت؟

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی ئۆڵۆمپی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر  ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ئەنجامدا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
دوای یارییەکە کیڤن دی برۆین لە مانچێستەر سیتی قسەی لەبارەی یارییەکەوە بۆ رۆژنامەڤانان کرد. لە ئینتەرمیلانیش هێرشبەری ئەرجەنتینی، لاوتارۆ مارتینێز قسەی کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
کیڤن دی برۆین، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی:
 
ئێمە ساڵانێکی زۆرە تێکۆشان دەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، سەرکەوتنیشمان لە بەدەستهێنانی ئەمە بۆ شارەکە دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەرە، ئەمە یەکەم نازناوی ئەوروپایە لە مێژووی یانەکەدا، بۆیە هەمیشە لە مێژووی یانەکەدا بە یەکەم سەرکەوتنی یانەکەوە پەیوەست دەبین، ئەمە دۆخێکی جیاواز و نموونەییە.
 
نەخێر بەهۆی پێکانەوە هەست بە ناڕەحەتی ناکەم، بەڕاستی دڵخۆشم کە دەتوانم بەرگەی پێکانەکە بگرم. پێکان بەهیچ شێوەیەک شتێکی خۆش نییە، بەڵام هەستم بە باشی دەکرد لە یارییەکەدا، پێموایە یارییەکەم بە باشی دەستپێکرد و هەلی زۆرم دروستکرد.
 
 
لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری ئینتەرمیلان:
 
هەست بە نائومێدی دەکەین، بەڵام زۆر شانازی بەو ئاستەوە دەکەین کە لە یاریی کۆتاییدا پێشکێشمان کرد، زۆر نزیک بووین لە بردنەوەی جامی ئەم پاڵەوانێتییە بۆ وڵاتەکەمان.
 
پێموایە یارییەکەمان کۆنتڕۆڵ کردبوو، چونکە مانچێستەر سیتی زاڵ نەبوو بەسەرماندا، پێموایە پلانەکەمان بەباشی و سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێستا دڵتەنگین، چونکە نەمانتوانی گۆڵێک تۆمار بکەین. بەڵام دەبێت شانازی بەو دەستکەوتانەمان بکەین کە لەم وەرزەدا بەدەستمان هێناون و ئەوەی لەم وەرزەدا لە چامپیۆنزلیگ بەدەستمان هێناوە.