ڤیدیۆ؛ ئینزاگی: ئێمە شایەنی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بووین

11-06-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Paul ELLIS / AFP
Photo by Paul ELLIS / AFP
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی شایەنی ئەوەبوو لە مانچێستەر سیتی بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ. گوتیشی "من پیرۆزبایی لە پێپ دەکەم، ئەو شایەنی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بوو، ئەگەرچی پێمباشبوو زیاتر چاوەڕێ بکات".
 
یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، کە لەسەر یاریگەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئینتەرمیلانی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "مافی خۆمە هەست بە نیگەرانی بکەم، شکست خراپترین شتە کە لە وەرزشدا بەسەرتدا بێت، بەڵام لەهەمانکاتدا رێز لە یاریزانانم دەگرم، کە دڵتەنگ و نائومێد بوون، پێویستە شانازی بە ئاستی خۆیانەوە بکەن لەم پاڵەوانێتییەدا". 
 
ئەو هەروەها گوتی "یارییەکی نایابمان ئەنجامدا و روون بوو کە شایەنی دۆڕان نەبووین. بەرامبەر رکابەرێکی سەرسوڕهێنەر یاریمان کرد. بەڵام ئەوانیش رووبەڕووی رکابەرێکی گەورە بوونەوە، کە  ئینتەرمیلان یارییەکی کۆتایی نایابی ئەنجامدا".
 
راهێنەری ئینتەرمیلان، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "خۆزگە ئەم جامەمان لەگەڵ ئەواندا بەش دەکرد، ئێمە بە چەکێکی کوشندە بەرامبەر بەهێزترین تیپی جیهان یاریمان کرد، بێگومان ئێستا هەست بە نائومێدی دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک دوێنێ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتم، هیچ یاریزانێکم بە یاریزانێکی دیکە لە هەر شوێنێکی جیهان ناگۆڕمەوە و ئەمشەو هەموو جیهان دەرفەتی ئەوەی هەبوو بزانێت بۆچی من ئەوەم گوتووە".
 
سیمۆنی ئینزاگی، لە کۆتاییدا زیاتر گوتی "مانچێستەر سیتی شایستەی ئەوەبوو لە ساڵانی رابردوودا نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، بەدڵنیاییەوە ئەمشەو خۆیان لە بەردەم ئینتەرمیلانی گەورەدا بینیەوە، کە لە سی خولەکی کۆتاییدا نزیک بوو لە شکستپێهێنانیان، دیارە ئینتەرمیلان ئەو تیپە بوو کە شایەنی سەرکەوتن بوو، بەڵام من پیرۆزبایی لە پێپ دەکەم، ئەو شایەنی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بوو، ئەگەرچی پێمباشبوو زیاتر چاوەڕێ بکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە