پەیامی شێخ مەنسوور بن زاید بەبۆنەی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ مەنسوور بن زاید، خاوەنی یانەی مانچێستەر سیتی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یانەکە و هاندەرانی دەکات و دەڵێت "ئەم دەستکەوتە نوێنەرایەتی بەردەوامی یانەکە دەکات لە چەسپاندنی پێگەی خۆی لە پێشەنگی یانەکانی جیهاندا."
 
مەنسوور بن زاید، دوای یاریی مانچێستەر سیتی و ئینتەرمیلان، کە مان سیتی یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی "پیرۆزبایی لە هاندەرانی مانچێستەر سیتی دەکەم، بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە وەرزێکی نموونەییدا، ئەم دەستکەوتە نوێنەرایەتی بەردەوامبوونی یانەکە دەکات لە چەسپاندنی پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی یانەکانی جیهاندا."
 
خاوەنی مانچێستەر سیتی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "پەسنی هەموو ئەوانە دەدەم کە بەشداربوون لە بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە لە ئەنجوومی کارگێڕی، دەستەی هونەری بەسەرکردایەتی گواردیۆلا و دەستەی کارگێڕی، یاریزانان و هاندەرە بەوەفاکان."
 
مانچێستەر سیتی یەکەمجارە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەباتەوە، لەم وەرزەدا سێ نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، پرێمەرلیگ، ئێف ئەی کەپ و چامپیۆنزلیگ.
 
شێخ مەنسوور بن زاید، لە ساڵی 2008ـەوە خاوەنداریەتی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات، لە دوای ساڵی 2010ـەوە شەوی شەممە بۆ یەکەمجار ئامادەی یارییەکی یانەکەی بوو و لە یاریگەی ئاتاتورک ئامادەبوو، یاریزانانی مانچێستەر سیتی بوونە هۆکاری ئەوەی خاوەنی یانەکە بەدڵخۆشییەوە بگەڕێتەوە ئیمارات.