نەیشینسلیگ.. ئینگلتەرا و ئیتاڵیا یاریی لووتکە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

گەرچی یاری نێوان ئینگلتەرا و ئیتاڵیا لە گرووپی سێیەمی ئاستی ئەی نەیشنسلیگدا، لووتکەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو هێزی گەورەی کلاسیکیی تۆپی پێی ئەوروپا دەبێت، بەڵام ئەم رووبەڕووبوونەوەیەی ئەمشەو لە نەیشنسلیگ، مانا و ئاماژەی جیاواز و ویستی جیاوازی هەردوو هەڵبژاردەی تێدایە.
 
ئینگلیزەکان کە لەسەر یاریگەی خۆیان یاریدەکەن، لە سێیەم یارییاندا لە نەیشنسلیگی ئەمساڵ، بەشوێن یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێن.  ئینگلتەرا دەرکەوتنی یەکەمی لە پاڵەوانێتییەکە شکستبوو بەرامبەر هەنگاریا، دواتریش لە رووبەڕووبوونەوەی ئەڵمانیادا، خولەکەکانی کۆتایی و لەرێگەی لێدانی سزایەکەوە، توانی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە.
 
بەهۆی سەرەتا خراپەکەیانەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گەرچی بەبۆچوونی راهێنەرەکەی لە یاری پێشوودا بەرامبەر ئەڵمانیا توانی شێوازی خۆی بسەپێنێت، بەڵام هەڵبژاردەکە لە ژێری ژێرەوەی ریزبەندی کۆمەڵەکەدایە و ئەمەش وادەکات چارەنووسی تا کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، زۆر پشت بەو ئەنجامە ببەستێت کە لە یارییەکەی ئەمشەودا بەدەستی دەهێنێت.
 
بۆ ئیتاڵیا دۆخەکە تەواو جیاوازە، ئەو هەڵبژاردەیەی تاکۆتایی ئەمساڵ هیچی نییە شەڕی لەسەر بکات جگە لە نەیشنسلیگ، پێشەنگی قورسترین کۆمەڵەی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە، بەڵام ئەوەی هەڵبژاردەکە بەدەستیهێناوە، جێگەی دڵنیاییەکی گەورە نییە و هێشتا ئیتاڵیا ستایلی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا نەدۆزیووەتەوە.
 
کێشەکانی ئیتاڵیا هێشتا بەردەوامن، بەردەوامبوونیشیان پەیوەندی بە کەمیی ئەستێرەی دیار و یاریزانی کاریگەرە لە ئیتاڵیادا بەگشتی، هەر ئەوەش وای لە رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەر کردووە، لە هەر یارییەکەدا بەپێکهاتە و ستایلێکی جیاوازەوە یاری بکات و هێشتا لە گەڕان بەدوای قاڵبێکی گشتیدا بۆ هەڵبژاردەکەی بەردەوام بێت. یارییەکەی ئەمشەو بۆ ئیتاڵییەکان خاڵ لەسەر پیتەکان دادەنێت، پێشانی دەدات بەڵێنی مانچینی راهێنەر بەدروستکردنەوەی ئیتاڵیایەکی رکابەر لەسەر نازناوی مۆندیالی 2026 تا چەند لەسەر رێی راستە.
 
یارییەکەی دیکەی هەمان کۆمەڵە، هەنگاریا میوانداری ئەڵمانیا دەکات. هەنگارییەکان سەرەتایەکی باش و بردنەوە لە ئینگلتەرایان لە نێو خاکی خۆیدا بەسەرەتایەکی موژدەبەخش دانا، بەڵام یاری دووەمی ئەو هەڵبژاردەیە بەرامبەر ئیتاڵیا، شکستی هەنگارییەکان و سەرەتای گەڕانەوەی ئیتاڵیا بوو بۆ نێو رکابەرییەکانی کۆمەڵەکە.
 
هەنگاریا پاش سەرکەوتنە مێژووییەکەی لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگەی پوشکاش ئارێنا لەسەر خاکی هەنگاریا، ئەمشەو لە نێو هەمان یاریگەدا یاریدەکات و ئەوەش دەبێ هاندەرێکی مانەوی و پاڵنەرێکی بەهێز بێت لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا، هەر ئەوەش لەوانەیە هۆکار بێت و وای لە هانزی فلیکی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کردبێت بۆ یارییەکەی ئەمشەو دەستکاری پێکهاتەی یاری پێشووی نەکات و بەهەمان هێزەوە بێتە نێو یاریگەوە.