سەڵاح هەڕەشە لە بەرگریکاران دەکات

11-06-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی پێی وایە یانەکەی شایستەی بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەووپا بوو نەک ریال مەدرید.
 
سەڵاح لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا قسەیکرد و دەڵێت " ئێمە شایستەی بردنەوە بووین، بەڵام هەلی زۆرمان لە یارییەکەدا لەدەستدا."
 
ئەستێرە میسرییەکە زیاتر دەڵێت " دوو بۆ سێ هەلی ئاسانمان هەبوو، بەڵام کۆرتوا بەشێوەیەکی بڕواپێنەکراو دووریخستنەوە، ئەوە کاری خۆیەتی بەرگری لە گۆڵی ریال مەدرید بکات، ئەو بۆ ئەوە گرێبەستی لەگەڵ کراوە، ئەوە شەوی خۆی بوو."
 
لەبارەی کەریم بنزیماوە محەممەد سەڵاح دەڵێت " زۆرباش لەلێدوانەکانی بنزیما تێدەگەم، کە ئەو خۆی تەنیا وەک گۆڵکارێک نابینێت، بەڵکو دیارە کە چەند کاریگەریی لەسەر هەموو شتێکی یارییەکانی ریال مەدرید هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت من باشترین یاریزانی جیهان بم."
 
سەڵاح لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوژینەکەی و هەردوو منداڵەکەی مەکە و کیان دەڵێت " هەموو رۆژێک 10 بۆ 20 خولەک لە ماڵەوە بیریان دەکەم."
 
گۆڵکاری وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، لەبارەی بردنەوەی باڵۆن دۆرەوە دەڵێت " لەگەڵ ئەوەی ئاستێکی بەرزم پێشکێشکردووە، بەڵام دۆڕاندنمان لە یاریی بەرامبەر ریال مەدرید هۆکارە بۆ ئەوەی خەڵاتەکە نەبەمەوە."
 
کاپتنی هەڵبژاردەی میسر گوتی " ماڵەکەم وەک نەخۆشخانەیە، بەڵام هاوژینەکەم ئەمەی پێ خۆش نییە، لە ماڵەوە دوو ژوورم بۆ لەشجوانی هەیە و دەتوانم کێشەکانم چارەسەربکەم، هەمیشە کاردەکەم بۆ ئەوەی توانای جەستەییم بپارێزم."
 
سەڵاح لەو هەڤپەیڤینەیدا کە لەگەڵ گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ ئەنجامیداوە دەڵێت " هاوژینەکەم پێمدەڵێت زیاتر کاتەکانت لەگەڵ ئامێرە وەرزشییەکان بەسەردەبەیت وەک لەگەڵ من."
 
هێرشبەرەکەی یانە ئینگلیزییەکە زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت " ئەگەر مەشقەکانمان کاژێر 15:00 بن، دوو کاژێر یان سێ کاژێر بەر لە دەستپێکردنیان دەچمە مەشقەکان، دوای تەواوبوونیش بە کاژێرێک بۆ کاژێرێک و نیو دەگەڕێمەوە ماڵەوە."
 
محەممەد سەڵاح هەڕەشە لە بەرگریکاران دەکات و گوتی " هاوینی رابردوو کاتێک بۆ پشوو لە یۆنان بووم، بیرم لەوە دەکردەوە چۆن باشترببم، چونکە هەموو وەرزێک قورستر دەبێت، چاودێریکردنت لەلایەن دوو بۆ سێ بەرگریکار گوشارت لەسەر دروستدەکات، بەڵام رێگەی نوێم دۆزییەوە و ژمارەکانم زۆر باشتربوون، دەمەوێت بەو شێوەیە دەربکەوم کە بەرگریکار هەمیشە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەمدا هەست بە رارایی بکات و ئامانجی من ئەوەیە بەرگریکار نەتوانێت هەناسە بدات و لە ماوەی 90 خولەکدا بەرامبەر من هەست بە ترس بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە