پاڵاوتنەکانی مۆندیال.. ئەمڕۆ عێراق یارییەکی چارەنووسسازی هەیە

11-06-2021
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ هەینی لە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی قەتەر 2022، کاژێر 19:30 هەڵبژاردەی عێراق لە نێو یاریگەی مەحەرەق لە وڵاتی بەحرەین یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ دەکات.

هەڵبژاردەی عێراق دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک هەڵبژاردەی کەمبۆدیای تووشی شکستکرد، ئێستا بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەمی وڵاتانی ئاسیایە، هەر بۆیە ئامانجی یەکەمی سریچکۆ کاتانیچی راهێنەر و یاریزانانی عێراق درێژەدانە بە ریتمی سەرکەوتن و گەیشتن بە قۆناخی کۆتایی.

ئەحمەد کۆچەر، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە بەحرەین لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند " تیپەکەمان لە بارودۆخێکی زۆرباشدایە و مۆڕاڵی یاریزانان زۆر بەرزە، ئامانجی یەکەممان بردنەوەیە و ئاسانکردنی رێگامانە بۆ گەیشتن بە قۆناخی کۆتایی یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیال".

ئەگەر عێراق ئەم یارییە بباتەوە، بە رێژەیەکی زۆر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو یەکلادەکاتەوە، چونکە ژمارەی خاڵەکانی دەگەیێنێتە 17 خاڵ و دەبێتە یەکێک لە باشترین دووەمەکان و بە چاودێریکردنی ئەنجامەکانی دیکە، پێیەک لە قۆناخی داهاتوو دادەنێت.

لە نێو پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق شێرکۆ کەریم ئەستێرەی یانەی هەولێر تاکە یاریزانی کوردە هاوشانی ئەستێرە پیشەگەرەکانی دیکە بووەتە جێگای بایەخی راهێنەری هەڵبژاردەکە. 

حەسەن عێراقی، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق لە هەولێر بۆ رووداو، گوتی " داواکارم یاریزانانەکانمان بەخۆیاندا بچنەوە و بەهێزتر یاریی بکەن، لەبەرئەوەی لە یاریی رابردوودا ئاستێکی باشیان پێشکەش نەکەن، ئێمە دڵمان لێدەدات و دەترسین لەوەی ئەگەر لەسەر ئەو ئاستە بەردەوامبن سەرنەکەوین بۆ مۆندیال". 

هەڵبژاردەی عێراق لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بەرزکردەوە، لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی لە مەکسیک کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە