شێرکۆ کەریم، بۆ رووداو: تەنیا یەک مووچەم لە یانەی هەولێر وەرگرتووە

11-06-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن شێرکۆ کەریم یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو – هەولێر 

شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی هەولێر، لەمیانی بەشدارییکردنی لە بووڵتەنی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداو رایگەیاند، لەگەڵ یانەی هەولێر لە کۆی 4 مووچە تەنیا یەکێکیانی وەرگرتووە.

شێرکۆ کەریم، سەرەتای وەرزی ئەمساڵ پەیوەندیکرد بە ریزەکانی یانەی شورتە، بەڵام دوای ماوەیەک ریزەکانی یانەکەی بەغدای جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە کرد، بەڵام دوای وەستانی خولی نایابی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم یاریزانە نیگەران بووە. 

شیرکۆ، لە دەستپێکدا گوتی "ئەو کێشانەی هەیە بەهۆی ئەوەیە کە یانەی هەولێر ناتوانێت مووچەکانمان بۆ دابین بکات، ئێمە وەک یاریزانە کوردەکان زۆر چاوەڕێدەکەین، بەڵام یاریزانێکی پیشەگەر ناتوانێت چاوەڕێی دواکەوتنی مووچە بکات، تەنانەت کاتی قەدەخەی هاتوچۆ ئێمە فەرامۆشکراین و کەس لێمانی نەدەپرسی".

شێرکۆ کەریم، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق وەک یاریزانێکی پیشەگەر بۆ ماوەی پێنج وەرز لە خولی سویسرا یاری کرد، بەر لە گەڕانەوەی بۆ عێراق.

کەریم زیاتر روونیکردەوە "یانەی شورتە زۆر بێتاقەتیان کردم و زۆر زیانی ماددیم پێگەیشت، بەڵام من لەبەرئەوەی دەرفەتی یاریکردنم لە سویسرا نەبوو، بۆیە گەڕامەوە ویستم خزمەتی یانەیەکی کوردستانی بکەم، داواکاری من لە یانەی هەولێر زۆر نییە، من تا ئێستا یەک مووچەم وەرگرتووە و سێ مووچە و بڕە پارەیەکی پێشەکی گرێبەستەکەم ماوە لای یانەی هەولێر، بەڵام ئەوان دەڵێن پارەمان نییە".

ئەو ئەستێرەی یانەی هەولێر جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بەر لە هاتنی بۆ یانەی هەولێر یانەکانی جەوییە و زەورا لەسەر هێڵ بوون بۆ رازیکردنی، بەڵام ئەو یانەی هەولێری هەڵبژاردووە، هەروەها بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوەشکرد نابێت یانەی هەولێر بەمشێوەیە بێت و دەبێت هاوکاری دارایی و سپۆنسەری دارایی بکرێت بۆ ئەوەی لە یانەکانی بەغدا باشتر بێت، لەبەرئەوەی بەمشێوەیە یاریزانان ناتوانن یاریی بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە