رۆناڵدینیۆ باسی رۆژە سەختەکانی ناو زیندان دەکات

11-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆناڵدینیۆی ئەستێرەی پێشووی بەرازیل، باسی لە رۆژە سەخت و ناخۆشەکانی خۆیکرد لە بەندیخانە لە پاراگوای و گوتی ئەو رۆژانەم لەبیر ناچێتەوە.

بۆ ماوەی 60 رۆژ، ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا لە بەندیخانە مایەوە پاشئەوەی لە فڕۆکەخانەیەکی پاراگوای بە پاسپۆرتێکی ساختەوە دەستگیرکرا.

رۆناڵدینیۆ لەگەڵ براکەیدا دەستگیرکرا و ماوەی 8 هەفتە لە بەندیخانە مایەوە بەرلەوەی لە مانگی نیسانی رابردوودا بە دەستەبەری 1.6 ملیۆن دۆلار ئازاد بکرێت، لەو کاتەوە تا ئێستا رۆناڵدینیۆ لە هوتێلی پالماروکا لە ئەسۆنسیۆنی پایتەختی پاراگوای لەژێر مانەوەی ناچاریدایە.

ئەو یاریزانە کە تۆپی زێڕینی 2005ی بەدەستهێناوە، ئاشکرایکرد ئێستا لە شوێنی مانەوەکەیدا مامەڵەیەکی زۆر باشی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام ئازاد نییە و ناتوانێ هەموو ئەو شتانە بکات کە پێشتر ژیانی لەسەری راهاتووە.

 


ئەستێرە بەرازیلییەکە قسەی بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ کردووە و دەڵێ زۆرینەی کاتەکانی رۆژم بە وەرزشکردنەوە بەسەردەبەم، چ لە هۆڵی فیتنیسی هوتێلەکە، یان ئەو هۆڵەی بەتایبەت بۆیان تەرخانکردووم بۆ بەردەوامبوون لەسەر وەرزشکردن.

رۆناڵدینیۆ دەڵێ ماوەی 60 رۆژ لە بەندیخانە درێژترین رۆژەکانی ژیانم بوون، بیهێنە بەرچاوی خۆت ژیان لە شوێنێکدا چۆنە کە بەندکراویت و ناتوانیت هیچ کام لەو شتانە بکەیت کە دەتەوێت بیکەیت.

ئەو هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە بەتایبەت لە رۆژانی مانەوەیدا لە بەندیخانە پشتگیرییان کردووە، بەتایبەت رۆناڵدۆی دیاردە و کارلیس پۆیۆلی کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە