ئەمڕۆ ئامەدسپۆر ئاهەنگ دەگێڕێت

رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر بەبۆنەی پاڵەوانبوونی لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا و گەیشتنی بە خولی پلە یەک، بە بەشداریی چەندین هونەرمەندی کورد و ئامادەبوونی دەیان هەزار هاندەر، ئەمڕۆ لە یاریگەی خۆی و بە بەرزکردنەوەی جامی پاڵەوانێتییەکە، ئاهەنگ دەگێڕێت.
ئاهەنگەکە کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئایاری 2024، لە یاریگەی (دیاربەکر) دەکرێت و بەشداریکردن بێ بەرامبەرە. لە یاریگەکەدا شوێنی 33 هەزار کەس کراوەتەوە و فڕۆکەخانەی ئامەد لە بەیانی ئەمڕۆوە بەردەوام لە دەرەوەی تورکیا میوانی بۆ دێت.
بەگوێرەی بەرنامەی ئاهەنگەکە؛ سەرەتا سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەی ئامەد سپۆر، جامی سەرکەوتنی پاڵەوانێتییەکە لەنێو جەماوەر و هاندەرانیان بەرز دەکەنەوە. سەرۆکی یانە و چەند یاریزانێک گوتار پێشکێش دەکەن و پەیامی پیرۆزبایی لایەنی فەرمی، حیزبەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەخوێندرێتەوە.
هەر یەک لە هونەرمەندانی کورد؛ خەیرۆ عەباس، ئازاد بەدران، پەروین چاکار، باژار، هێلیم ئۆمەری، شیار بەرواری، دی جەی رەمەزان کاراکاش و ژەهرمار گۆرانی دەڵێن.
ئامەدسپۆر کە نوێنەرایەتیی شاری ئامەد دەکات لە هەفتەی 34ی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 1-0 لە یانەی سۆماسپۆری خانەخوێی بردەوە و بەر لە تەواوبوونی یارییەکانی خولەکە بووە پاڵەوانی خولەکە.