دوای ئێمباپێ ئەستێرەیەکی دیکە دەیەوێت لە پاریس سانجێرمان بڕوات

11-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دوای رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ، دەکەوێتە دۆخێکی دیکەی خراپەوە، لەکاتێکدا یاریزانێکی دیکەی دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، بەڵام ئەمیان بۆ یانەی بارسێلۆنا.
 
کیلیان ئێمباپێ شەوی هەینی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ماڵئاواییکردنی لە یانەی پاریس سانجێرمان و هاندەرانی راگەیاند، کە یاریزانەکە نزیکە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.
 
دوای ئەوە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، جگە لە ئێمباپێ، ئەستێرەیەکی دیکەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، ئەویش چاڤی سیمۆنزە.
 
چاڤی سیمۆنز، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانە، بەڵام ئێستا بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی لایپزیگ دەکات، یاریزانەکە نایەوێت بگەڕێتەوە یانەکە و چاوی لەوەیە پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە بکات، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی خواستنیش بێت.
 
یاریزانەکە بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە، رێگەی دەدات ئەو یانەیە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت بەخواستن یاریی بۆ بکات، بەڵام پاریس سانجێرمان نایەوێت یاریزانەکە بڕوات و چاوی لەوەیە بیکاتە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەکە لە وەرزەکانی داهاتوودا.
 
سیمۆنز دەرچووی لاماسیایە، یاریزانێکی لاو و ئاستبەرزە، بەهۆی ئەو ئاستەی لەگەڵ یانەی لایپزیگ پێشکێشی دەکات، لویس ئێنریکێ دەیەوێت یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە یانەکە.

 
بارسێلۆنا بیر لە گواستنەوەی یاریزانەکە بەشێوەی خواستن دەکاتەوە، لەکاتێکدا لەرووی داراییەوە دۆخی باش نییە و توانای کڕینی یاریزانەکەی بەشێوەی هەمیشەیی نییە.
 
چاڤی سیمۆنز تەمەنی 21 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە