لە بارسێلۆنا کێ شوێنی بوسکێس دەگرێتەوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی بەتوانا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی سێرخیۆ بوسکێس دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
سێرخیۆ بوسکێس، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەم وەرزە دوایین وەرزی یارییکردنی دەبێت لە بارسێلۆنا و دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە یانەکە دەڕوات.
 
دوای ئەمە هەر زوو پرسیارێک هاندەرانی یانەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، ئەویش ئەوەیە کێ شوێنی بوسکێس دەگرێتەوە؟
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ناوی چەند یاریزانێکی بڵاوکردووەتەوە، کە بلاوگرانا دەیەوێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو یاریزانە ئیسپانییە بباتە ریزەکانی، یەکێک لە یاریزانەکان رۆبن نێڤێز، یاریزانی پۆرتوگالی و یانەی ولڤەرهامپتۆنی ئینگلیزییە.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "لە نێو کارگێڕیی بارسێلۆنا بۆچوونی هاوبەش لەسەر ئەو یاریزانە نییە، چونکە لە ولڤەرهامپتۆن لە شوێنی خۆی یاریی ناکات، جگە لەوەش زەحمەتە جولین لۆپیتیگێ دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت."
 
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی بارسێلۆنا ماوەیەکی زۆرە داوای دەکات و ئێستا هەلێکی گونجاوە بۆ گواستنەوەی، سوفیان ئەمرابت، ئەستێرەی مەغریبی و یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵییە.
 
یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانی رابردووشدا ئامانجی یانەکە بوو، بەڵام بەهۆی یاسای یاریی خاوێن بارسێلۆنا نەیتوانی گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
جگە لەو دوو یاریزانەش ناوی ئیلکای گوندۆگان بە بارسێلۆنا بەستراوەتەوە و ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی هاویندا پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە بکات.