دووەم پاشای ئەوروپا، ئەمشەو یاریی هەیە

11-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ سێڤییا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دووەم پاشای ئەوروپا کە سێڤییای ئیسپانییە، ئەمشەو لە پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ دەبێتە میوانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و یانە ئیسپانییەکە تەنیا رێگرییەکانی خانمە پیرەکەی لەبەردەمدا ماوە، تاوەکو بگاتەوە بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەی.
 
سێڤییا کە بە پاشای دووەم گەورەترین پاڵەوانێتی لەسەرئاستی ئەوروپا دادەنرێت، هەوڵدەدات جارێکی دیکە خۆی بگەیەنێتەوە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە کاتێکدا پێشتر شەش جار نازناوی ئەو پاڵەوانێتییەی لە نێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2020 بەدەستهێناوە.
 
سێڤییا گەرچی ئەمساڵ لەسەر ئاستی نێوخۆی ئیسپانیا ئەنجامەکانی زۆر خراپبوون و کارگێڕیی یانەکە بەناچاری چەند جارێک پەنای بردە بەر دوورخستنەوەی راهێنەرەکانی، بەڵام لە کۆتاییدا خۆسێ لویس مێندیلیبار لە مانگی سێی ئەمساڵدا مەشقدانی یانەکەی وەرگرت و توانی کەمێک ئارامیی بگەڕێنێتەوە نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکە و یانەکەی گەڕاندەوە بۆ ناوەندەکانی ریزبەندی گشتیی خولەکە، پاشئەوەی نزیکبوو بکەوێتە نێو ناوچەی مەترسیداری دابەزین.
 
مێندیلیباری 62 ساڵ، لە کۆی نۆ یاریی کە سەرپەرشتی تیپەکەی کردووە، لە شەش یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئەو دەڵێ، لەپاش دەرکردنی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئەگەر یوڤێنتوسیش بەهەمان چارەنووس بگەیەنێت، ئەوە دەبێتە گەورەترین دەستکەوت لە ژیانیدا.
 
سێڤییا بۆ یارییەکەی ئەمشەو هەلی بەشداریی پێکردنی ئیریک لامێلای هێرشبەری ئەرجەنتینی لەبەردەستدا دەبێت، پاشئەوەی لە مەشقەکانی سێشەممەی یانەکەدا بەشداریی کرد و ئازاری پشتی تێپەڕاند. پێشبینیکراوە لامێلا ئەمشەو لە یارییەکەدا توانای بەشدارییکردنی هەبێت.
 
بەڵام لە مەشقەکاندا پاپۆ گۆمێزی ئەرجەنتینی بەشداریی نەکرد، یانەکەشی تاوەکو ئێستا هۆکاری بەشدارینەکردنی ئەو یاریزانەی لە مەشقەکاندا روون نەکردووەتەوە.
 
سێڤییا چاوی لە گەیشتنەوەیە بە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ.. بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، پێویستی بەوە هەیە تیپەکە ئەمشەو بەکەمترین زیانەوە یاریگەی یانە ئیتاڵییەکە بەجێبهێڵێت و ساتی یەکلاکردنەوەی ناوی سەرکەوتوو بۆ یاریی کۆتایی، بۆ یاریی داهاتوو هەڵبگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە