یوڤێنتوس لەبەردەم کۆتایی هێنان بە وەرزێکی ئاڵۆزدا

11-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی یوڤێنتوس یۆرۆپالیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یوڤێنتوسی ئیتاڵی، لە یاریی چوونی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی سێڤییای ئیسپانی دەکات.. یوڤێنتوس کە تەنیا نازناوی یۆرۆپالیگی لەبەردەستدا ماوەتەوە بۆ ئەوەی لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوەکەیدا بجەنگێت، دەیەوێت یارییەکەی ئەمشەو بکاتە بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی بۆ کۆتایی پێهێنانێکی سەرکەوتووی، وەرزێکی ئاڵۆز.
 
وەرزی ئەمساڵی یوڤێ، وەرزێکی پڕ لە هەڵچوون و داچوون و رووداوی دراماتیکی بوو. یانەکە سەرەتایەکی خراپی هەبوو... لە خولی ئیتاڵیدا ئەنجامەکانی باشنەبوون و لە چامپیۆنزلیگیشدا، دوا سنووری یانەکە، قۆناخی کۆمەڵەکان بوو، کە لە کۆمەڵەکەی خۆیدا پلەی سێیەمی لە پاش بێنفیکای پۆرتوگالی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە بەدەستهێنا و لەوێشەوە روویکردە یۆرۆپالیگ، بۆ ئەنجامدانی قۆناخی پلەی ئۆف بەرامبەر نانتی فەرەنسی.
 
خانمە پیرەکە، کاتێک گەیشتە ئەوەی ئەنجامەکانی باش ببن، لەلایەن داواکاری گشتیی وڵاتەوە دۆسێیەکی بەناوی 'زەبەلاحکردنی سەرمایە' لەسەر کرایەوە و بەهۆیەوە یانەکە بەدەستکاریکردنی نایاسایی سەرمایەکەی تۆمەتبارکرا و بەهۆیەوە پانزە خاڵ لە کۆی خاڵەکانی شکێنران.
 
تیپەکەی ماسیملیانۆ ئالێگری خۆی بەدەست رووداوە نەخوازراوەکانەوە نەدا و لە رکابەریکردن لەسەر هەلی خۆی لە بەدەستهێنانی خاڵەکانی لە خولی سێری ئادا بەردەوامبوو.. 
 
یوڤێنتوس تانەی لە بڕیاری دادگای ئیتاڵیادا و دوای بێنەوبەرە و مشتومڕێکی زۆر، دواجار پانزە خاڵەکەی بەدەستهێنایەوە، بەڵام دۆسێیەکەی لە دادگا بەیەکجار دانەخراوە و هێشتا ئەگەری سزادان و لێشکاندنی خاڵ لە یانەکە، لە ئارادایە.
 
لە نێو ئەم دۆخە ناهەموارەدا، یوڤێنتوس لە پاش بێئومێدبوون لە رکابەریکردنی ناپۆلی و رکابەرەکانی دیکەی، لەبەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵیا، هەنگاوەکانی لە یۆرۆپالیگدا درێژەپێدا تاوەکو خۆی گەیاندە پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر سێڤییا کە ئەزمووندارترین تیپی پاڵەوانێتییەکەیە بۆ یوڤێنتوس مانا و ئامانجی گەورەی هەیە.. بەتایبەت کە یانە ئیتاڵییەکە پێویستی بەوە هەیە لەم یارییەدا، بوونی لە نێو یاریگەی خۆیدا بەباشترین شێوە بقۆزێتەوە و یەکلاکردنەوەی ناوی تیپی سەرکەوتوو نەخاتە یاریی گەڕانەوە.
 
وەک راهێنەری یانەکە رایگەیاندووە، یوڤێنتوس ئەمشەو تەنیا بریمێری بەرگریکەری لە پێکهاتەکەدا ئامادە نابێت و جۆشوخرۆش ئامادەیە بۆ ئەوەی تیپەکە بە ئەنجامێکی گەورەوە لە یاریگە بێتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە