ڤیدیۆ؛ 5 یاریزانی کورد لە ئەرجەنتین بەشداری لە مۆندیالدا دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لیستی کۆتایی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەی بۆ مۆندیالی لاوان لە ئەرجەنتین راگەیاند.
 
تاوەکو شەوی رابردوو و دوایین ساتەکان، هەڵبژاردەی عێراق چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنی بوو لە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بۆ ئەوەی زیدان ئیقبال بەشداری لە مۆندیالی لاواندا بکات، بەڵام یانەی مانچێستەر یونایتد رازی نەبوو زیدان بداتە هەڵبژاردەی عێراق و بەمەش یاریزانەکە ناتوانێت یاوەری هەڵبژاردەکە بکات.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ مۆندیالی لاوان کە لە ئەرجەنتین بەڕێوەدەچێت، 5 یاریزانی کورد هەن کە هەریەکە لە عومران زەکی، گۆڵپارێز، رۆمان یادگار دولاشی و ئاڵای فازل لە هێڵی بەرگری، یوسف ئەمین، لە هێڵی ناوەڕاست و عەبدولقاد ئەیووب، لە هێڵی هێرشبەر.
 
موستەفا ئیقبال، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانە کوردانەی کە بۆ ئەم پێکهاتەیەی هەڵبژاردەکە بانگهێشت دەکرا، بەڵام بەهۆی پێکانەوە بەختی یارییکردنی لە مۆندیالدا نابێت.
 
مۆندیالی لاوان سەرەتا بڕیاربوو لە ئەندەنووسیا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەندەنووسیا بۆ پێشوازیکردن لە هەڵبژاردەی ئیسرائیل، مافی میواندارییەکەی لێ وەرگیرایەوە و درایە ئەرجەنتین.
 
یارییەکانی مۆندیالی لاوان 20ـی ئەم مانگە دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی پێنجەمە، یەکەم یاریی لە 23-5 بەرامبەر ئۆرۆگوایە، دوای ئەوە لە 26ـی مانگ رووبەڕووی تونس دەبێتەوە و دوایین یارییشی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە 28-5 دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.