ئارسیناڵ گرێبەستی ئەستێرە لاوەکەی نوێدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یەکێک لە ئەستێرە کاریگەرەکانی نزیکبووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکەی ماوە.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "یانەی ئارسیناڵ لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا رێککەوتنی لەگەڵ بوکایۆ ساکا، ئەستێرەی لاوی تیپەکەی کردووە و لەسەر مەرجەکان رێککەوتوون بۆ ئەوەی گرێبەستی نێوانیان نوێبکەنەوە."
 
بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان، هەموو کارەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە تەواو بوون، تەنیا راگەیاندنی فەرمیی ماوە.
 
گرێبەستی ساکا لەگەڵ ئارسیناڵ تاوەکو 2028 نوێدەکرێتەوە و مووچەکەشی بەرزدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتر لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ بەردەوام بێت.
 
بوکایۆ ساکا، تەمەنی 21 ساڵە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ لە ساڵی 2024 کۆتاییدێت، یاریزانەکە بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی پێشکێشیدەکات ئامانجی چەندین یانەی گەورەیە، بەڵام ئارسیناڵ نایەوێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
ساکا لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا 13 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە و 11 گۆڵیشی دروستکردوە و رۆڵێکی گەورەی هەبووە، لە گەڕاندنەوەی ئارسیناڵ بۆ چامپیۆنزلیگ و رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ.