دوای یاریی زاخۆ و نەفت شەڕ روویدا و هەردوو یانە سزادران

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لە دوایین یاریی قۆناخی پلەی ئۆفدا لە قۆناخی پێشکۆتایی باسکەی عێراقدا، بە یانەی نەفت دۆڕا و دوای یارییەکەش گرژی دروستبوو و یانەی زاخۆ سزادرا.
 
لە یارییەکەدا زاخۆ تاوەکو دوایین ساتەکانی یارییەکە لە پێش بوو و نزیکبوو بگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام لە دوا ساتدا یانەی نەفت خاڵێکی دووانیی تۆمارکرد و یارییەکەی بە 74 خاڵ بەرامبەر 72 خاڵ بردەوە.
 
دوای یارییەکە بەهۆی هەڵسوکەوتی دوو یاریزانی یانەی نەفت بەرامبەر هاندەران، گرژی و ئاڵۆزی لەنێو یاریگەدا دروستبوو و هاندەران کورسییان گرتە یاریزانەکان.
 
دوای یارییەکە راستەوخۆ، یەکێتیی باسکەی عێراق بڕیارییدا عەباس هادی و رافایێل سۆزا، یاریزانانی یانەی نەفت هەریەکەیان بە پێبژاردنی 1 ملیۆن دینار سزابدات، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتانەی دوای یارییەکە پێشانیاندا.
 
جگە لەمەش لە راگەیێنراوی یەکێتیی باسکەی عێراقدا هاتووە، بەهۆی شکاندنی پەژەکانی هۆڵی شەعب لەلایەن هاندەرانی یانەی زاخۆوە، یانەکە بەپێبژاردنی 3 ملیۆن دینار سزادرا.
 
فیدراسیۆنەکە زیاتر دەڵێت "شەوقی کازم، ئەندامی دەستەی کارگێریی یانەی نەفت بەهۆی ئەوەی لە دوای یارییەکە هێرشیکردووەتەوە سەر سەرۆکی یانەی زاخۆ، بۆ دوو یاریی داهاتووی تیپەکەی سڕکراوە."