حەزدەکات بەدەستی خۆی تەرمی رۆناڵدینیۆ و مارادۆنا و مێسی بباتە گۆڕستان

رووداو - هەولێر

یەکێک لە ئەندام و دامەزرێنەرانی تیپی سەماکردن بە تەرمی مردووان تا دەیانگەینێتە گۆڕستان، هیواخوازە بە سەماکردنەوە تابووتی هەریەک لە رۆناڵدینیۆی ئەفسانەی بەرازیلی و هەردوو ئەفسانەی ئەرجەنتینی، دیێگۆ مارادۆنا و لیۆنێل مێسی بباتە دوا مەنزڵگەیان.

بینیامین ئیدۆ، کە بە رەگەر خەڵکی غانایە، ریاگەیاند "هیوا دەخوازم تابووتی رۆناڵدینیۆ، مارادۆنا و مێسی بەدەم سەماکردنەوە ببەینە گۆڕستان، کە بێگومان ئەمە دیارییەک دەبێت لە تیمی سەماکردن بە تابووتەکان بۆ ئەوانەی لەنێو یاریگەکاندا سەمایان بە یاریزانان کردووە".

بینیامین ئیدۆ، ساڵی 2007 ئەو تیپەی لە ئەکرای پایتەختی غانا دامەزراندووە، کە بە سەماکردنەوە تابووتی مردووان بەرەو دوا مەنزڵگەیان دەبەن و ڤیدیۆیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا زوورترین بینەریان هەیە.

بینیامین ئیدۆ، باس لەو هۆکارانە دەکات کە هانیدان ئەو تیپەی دامەزرێنێت و دەڵێت "کەس حەزناکات لە کاتی بردنی تەرمی مردووان بۆ گۆڕستان بگریت، بۆیە ویستمان هەمووان دڵخۆش بکەین، تەنانەت ئەوانەی خەفەتیشیان هەیە و دەگرین".

بینیامین ئیدۆ، لە بەردەوامی قسەکانیدا، دەڵێت "هیوای تەمەنێکی درێژ بۆ ئەو ئەستێرانە دەخوازم، بەڵام ئەگەر دەرفەتمان بۆ رەخسا، خەون بەوەوە دەبینم بە سەماکردنەوە تەرمی رۆناڵدینیۆ ببەمە گۆڕستان، ئینجا تەرمی مارادۆنا و دواتریش تەرمی مێسی".

بینیامین کە زۆر سەرسامە بە رۆناڵدینیۆ و بارسێلۆنا، گوتیشی "ئەوئ من دەڵێم خەڵاتێک دەبێت لە سەماکەرێکەوە بۆ سەماکەرێک، هێندە بارسێلۆنام خۆشدەوێت تەنیا بەناوهێنانی گریانم دێت".