ئاندرێس ئینێستا.. هاری پۆتەری تۆپی پێ

رووداو - هەولێر

ئاندرێس ئینێستا کاتێک منداڵێکی بچووک بوو لە گوندەکەی، نەیدەتوانی لە پێخەفی دایک و باوکی دووربکەوێتەوە، بۆیە کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچوو کە رۆژێک دێت دەبێتە یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام قەدەر وابوو ئەو منداڵە هەر زوو بەهرەی تۆپی پێی تێدا دەرکەوێت، ئەو هێشتا لە ئەکادیمیای لاماسیا بوو کە هەمووان سەرسام بوون بە تواناکانی. 

پێپ گواردیۆلا کە یەکەمجار یاری ئەو منداڵەی بینی، گوتی "ئەو منداڵە دەبێتە هۆکاری وازهێنانی هەموومان". بۆیە کاتێک گەورەش بوو، لویس ئێنریکی ناهەق نەبوو بڵێت "ئینێستا هاری پۆتەرە بە گۆچانە سیحرییەکەیەوە".

ئینێستا کە ئەمڕۆ تەمەنی بووە 36 ساڵ، بە 16 ساڵ یاریکردن بۆ بارسێلۆنا مێژوویەکی دروستکرد کە بە هەزار ساڵی دیکەش ناسڕێتەوە، ئەو هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتووترین سەردەمی بارسێلۆنا بووە، 4 چامپیۆنزلیگ و 9 لالیگای بردووەتەوە، هەر ئەوە نا، بەڵکو هەر خۆی خاوەنی گۆڵی بردنەوەی تاکە مۆندیالە بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، خۆ رۆڵی سەرەکیشی بینیوە لە بردنەوەی دوو نازناوی یۆرۆ بۆ لارۆخا.

ئینێستا خزمەتی هەمووانی کردووە، بێئەوەی رۆژێک چاکەکانی بەڕوویاندا بداتەوە، لەوانەیە کەم کەس بزانن کە ئینێستا هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی گواردیۆلا بوو لە سەرپەرشتیکردنی بارسا بۆ بردنەوەی 6 نازناو لە یەکەم ساڵی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنادا، پێپ دەڵێت مێسی منی کردووەتە باشترین راهێنەری جیهان، بەڵام دان بەوەشدا دەنێت، کە ئەوکاتەی راهێنەرایەتی بارسای وەرگرتووە، لە یەکەم دوو یارییدا تووشی بێئومێدی بووە و خەریک بووە خۆبەدەستەوە بدات، کەچی ئینێستا چووەتە ئۆفێسەکەی و پێیگوتووە بەردەوام بە و هیچ شتێک مەگۆڕە، ئەوەی تۆ هێناوتە دەمانکاتە باشترین یانەی جیهان، تەنیا کاتمان پێویستە بۆ وەرگرتنی بیرۆکەکانت، لە کۆتاییشدا هەروا دەرچوو.

ئینێستا بەو جووڵە هونەرییە جوانانەی لەنێو یاریگەدا پێشکێشیان دەکات، وایکرد هەوادارانی نازناوی نیگارکێشی پێبدەن، کە لە ساڵی 2018دا بڕیاریدا کۆتایی بە کاروانی یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا بهێنێت، بەڵام ئامادە نییە بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت، ئەگەرچی هەموو شتێکی بردووەتەوە، تەنیا تۆپی زێڕین نەبێت، بەڵام لەوانەیە ئەوەش لەبەرئەوە بێت کە خۆی زێڕە، ئاخر ئەو دەیەوێت لەگەڵ یانەی ڤیسێل کۆبیدا هێشتا تابڵۆی جوانی تۆپی پێ لە خولی ژاپۆنیدا بکێشێت.