چاوەڕواننەکراو.. یانەیەکی پلە یەک داوای مۆدریچ دەکات

11-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، یانەیەکی خولی پلە یەکی تورکیا، داوای لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
گرێبەستی لوکا مۆدریچ، لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی شاهانە روون نییە و هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان هەردوولا لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نەکراوە، بۆیە هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم ئەستێرە کرواتییەکەدا کراوەن.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری دێڤێنسا سێنتراڵی ئیسپانی، یانەی ئەیوپ سپۆری تورکی، کە لە خولی پلە یەک یاریی دەکات، دەستەوارەیەکی بۆ لوکا مۆدریچ ئامادەکردووە و دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ئەو یاریزانە بەنێوبانگە وەربگرێت لە وەرزی داهاتوودا.
 
ئەیوپ سپۆر لە خولی پلە یەکی تورکیا، لە پلە یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و 7 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە، بەمەش یانەکە نزیکە بگاتە خولی سوپەرلیگی تورکیا.
 
ئاردا توران، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تورکیا و یاریزانانی یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا راهێنەری یانەکەیە و داوای لە موراد ئۆزکایا، سەرۆکی یانەکەی کردووە هەوڵی گواستنەوەی لوکا مۆدریچ بدات.
 
ئۆزکایا لەلێدوانێکدا لەبارەی لوکا مۆدریچەوە دەڵێت "بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، ئەو تەمەنی 37، 38 یان 40 ساڵە."
 
مۆدریچ لە ساڵی 2012 لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییەوە پەیوەندیی بە ریال مەدرید کردووە، ئەو یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەکەیە، بەڵام ئێستا تەمەنی بووەتە 38 ساڵ و کەمتر بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات، بەمەش ئەگەری هەیە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یاریزانەکە لە ریال مەدرید بڕوات.
 
جگە لەو یانەیە تورکییە، هەریەکە لە یانەکانی نەسڕی سعودی و ئینتەرمەیامی ئەمریکی، هەوڵی گواستنەوەی ئەستێرە کرواتییەکە دەدەن، چەند مانگێک لەمەوبەر دەیڤد بێکهام هاوبەشی خاوەنداریەتیی ئینتەرمەیامی لەگەڵ مۆدریچ دەرکەوت، ئەمەش دەنگۆی ئەوەی دروستکرد کە یاریزانەکە لە پلانەکانی یانە ئەمریکییەکەدایە بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە