نادال: جەستەم دەڵێ ناتوانم یاری بکەم

11-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رافایێل نادال تێنس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رافایێل نادال، ئەستێرەی تینسزانی ئیسپانی، بێئومێدبوونی خۆی دووپاتکردەوە بەهۆی پێکان و ناچاربوون بەپاشەکشە لە پاڵەوانێتیی ماستەرزی مۆنتیکارلۆ، کە ئێستا رکابەرییەکانی دەستیانپێکردووە.
 
نادال لە دوای تووشبوونی بەپێکانێکی ماسوولکەیی لە مانگی یەکی ئەمساڵ لە پاڵەوانێتیی تێنسی بریسبن، لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە.
 
پێشىینیدەکرا نادال بەشداریی لە ماستەرزی مۆنتیکارلۆ بکات، بەڵام رایگەیاند ئامادەنییە بۆ دەستپێکردنەوە و داوای لێبوردنیکرد کە نەیتوانیوە لە مۆنتیکارلۆ بەشداری بکات.
 
تێنسزانە 37 ساڵییەکە، کە پێشتر 11 نازناوی مۆنتیکارلۆی بەدەستهێناوە، لە پەیامێکدا دەڵێ، "ئەمە چەند ساتێکی ئازاربەخشە بۆ من".
 
ئەو زیاتر گوتوویەتی کە "بەداخەوە نەمتوانی بەشداری لە مۆنتکارلۆ بکەم، چونکە جەستەم رێگەم نادات".
 
نادال نەیشاردووەتەوە کە کاری زۆر لەسەر ئامادەکردنەوەی جەستەی دەکات، بەڵام هێشتا هیچ نەگۆڕاوە، ئەو دەڵێ، "تەنانەت ئەگەر بەهەموو هێزی خۆشمەوە خۆم ئامادە بکەم و رۆژانە هەموو وزەی خۆم خەرج بکەم و بەویستەوە کار بۆ گەڕانەوە و رکابەریی لە پاڵەوانێتییە گرنگەکان بکەم، بەڵام لە راستیدا جێگەی داخە کە ئێستا ناتوانم یاریی بکەم".
 
نادال زیاتر دەڵێ، "نازانن بۆ من چەندە سەختە کاتێک ناتوانم بەشداریی لەو پاڵەوانێتییانەدا بکەم.. تاکە شت کە بتوانم بیکەم ئەوەیە کە دەبێ دۆخەکە قبووڵ بکەم و هەوڵبدەم بەردەوام چاوم لەسەر داهاتوو بێت، هەروەها بەردەوام بم لە چێژ وەرگرتن و درێژەدان بەویستی دەستکردنەوە بەیاریی، لەپێناو بەدەستهێنانی هەلی باشبوونی جەستەمدا".
 
نادال کە ساڵانێکی بەرچاو پێشەنگی تێنسزانانی جیهانی گرتبوو، لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی بەردەوامی پێکانەکان، ئاستی زۆر دابەزیووە و لەم دوو ساڵەدا، لە بەشداریکردن لە چەندین پاڵەوانێتی بێبەشبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە