لە یاریی پاریس و بارسادا رەگەزپەرستی بەرامبەر لامین کرا

رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرماندا، رەگەزپەرستی دژی لامین یامالی یاریزانی بارسێلۆنا کراوە و یاریزانانی هەردوو تیپ بۆ پشتیوانی لە یاریزانەکە هەڵوێستیان وەرگرتووە.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، کە بارسێلۆنا بووە میوانی پاریس سانجێرمان و بە ئەنجامی 3-2 لێیبردەوە، شرۆڤەکارێکی تۆڕی مۆڤیستار رەگەزپەرستی بەرامبەر لامین کرد، ئەمەش وایکرد یاریزانانی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان هەڵوێستێکی هاوبەش بگرنەبەر.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان رەتیانکردەوە یاریزانانی هەردوو تیپەکە قسە لەگەڵ تۆڕی مۆڤیستار بکەن، بەهۆی لێدوانێکی رەگەزپەرستانەی شرۆڤەکار مۆنۆ بورگۆس، سەبارەت بە لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا.
 
بورگۆس، گۆڵپارێزی پێشووی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە کاتی شرۆڤەکردنی یارییەکەدا گوتی "ئەگەر یامال باش نەبێت، کۆتاییەکەی لە ترافیک لایتەکان دەوەستێت".
 
دواتر بورگۆس داوایلێبوردنی کرد لەسەر قسە رەگەزپەرستەکانی، دوای ئەوەی لە سۆشیال میدیا رەخنەی زۆری لێگیرا.
 
بڕیارە یاریی گەڕانەوەی نیوان هەردوو یانە، سێشەممەی داهاتوو لە یاریگەی لویس کۆمپانیس بەڕێوەبچێت کە بەشێوەیەکی کاتی مۆڵگەی یانە کەتەلۆنییەکەیە لە شوێنی کامپ نو.