ئێنریکێ چەپڵە بۆ کام یاریزانی بارسێلۆنا لێدەدات؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان رەتیدەکاتەوە باسی ئاستی کیلیان ئێمباپێ بکات و دەڵێت "هاوشێوەی یاریی کۆتایی مامەڵە لەگەڵ یاریی گەڕانەوەمان بەرامبەر بارسێلۆنا دەکەین."
 
ئێنریکێ لە دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیاندا، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بۆ رۆژنامەڤانان قسەیکرد، بەڵام رەتیکردەوە لەبارەی ئاستی ئێمباپێ قسەبکات.
 
لویس گوتی "نامەوێت بەتەنیا لەسەر ئاستی تاکەکەسی باسی یاریزانەکان بکەم، ئێمباپێ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و پێویستی بە قسەی زیاتر نییە، باشترین شت ئەوەیە بە گشتی باسی تیپەکە و کارکردنی دەستەی هونەری بکەین لەبارەی هەموو بارودۆخەکەوە."
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان دەڵێت "من کەسێکی وەرزشیم، دۆڕاندنەکە قبوڵ دەکەم و پیرۆزبایی لە بارسێلۆنا دەکەم، بۆ ئەو ئاستەی پێشکێشیکرد، من بەرپرسیارەتییەکە هەڵدەگرم و هیچ کێشەیەک نییە."
 
ئێنریکێ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "وردەکاریی بچووک جیاوازییان دروستکرد، ئێمە بە 2-1 پێشکەوتین و ستوون لە گۆڵی سێیەم بێبەشیکردین، دوای ئەوە رافینیا گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئەو گۆڵە جوانە شایەنی ئەوەیە چەپڵەی بۆ لێبدەین."
 
لەبارەی یاریی گەڕانەوەیان بەرامبەر بلاوگرانا کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجامیدەدەن، ئێنریکێ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئامانجی ئێمە روونە، کاتێک دەچینە بارسێلۆنا، ئێمە بۆ بردنەوە دەچین، چۆنکە هیچ ئەنجامێکی دیکە ئێمە ناگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو، متمانەم بە تیپەکەم هەیە و کاردەکەین بۆ بردنەوەی هەموو یارییەکان و هاوشێوەی یاریی کۆتایی مامەڵە لەگەڵ ئەو یارییە دەکەین."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەرە ئیسپانییەکەی پاریس سانجێرمان گوتی " من پێش یارییەکە نەمگوتووە بارسێلۆنا بەربژێرە بۆ سەرکەوتن، بەڵکو گوتوومە بەهۆی بردنەوەی 52 نازناوی چامپیۆنزلیگەوە ئەزموونیان زیاترە، من هەرگیز تیپێک کە بەرامبەر من یاریی دەکات بەربژێر ناکەم بۆ سەرکەوتن و ئەوە رێگەی کارکردنی من نییە."

گۆڵە جوانەکەی رافینیا بەرامبەر پاریس سانجێرمان