سوپەری سعودی لە ئیمارات یەکلادەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کلاسیکۆی سعودیە لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت، هیلال دەیەوێت بۆ جاری سێیەم نازناوی جامی سوپەر بباتەوە و ئیتیحادیش چاوی لە پارێزگاریکردنە لە نازناوەکە.
 
ئەمشەو کاژێر 20:30 لەسەر یاریگەی محەممەد بن زاید، لە ئەبوزەبی هەردوو یانەی هیلال و ئیتیحاد لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانەی هیلال لە باشترین کاتەکانیدایە و یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێدا 33 یاریی لەسەریەک بباتەوە.
 
لە دوایین مەشقەکانی یانەی هیلالدا، نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەکە بۆ پاڵپشتیکردنی هاوڕێکانی ئامادەبوو، بەڵام خۆی و ئەلیکساندەر میترۆڤیچ گۆڵکاری یانەکە بەهۆی پێکانەوە بەشداری لەم یارییە گرنگەدا ناکەن.
 
هیلال خاوەنی سێ نازناوی جامی سوپەری سعودییە، دەیەوێت بۆ جاری چوارەم نازناوەکە بباتەوە و پارێزگاری لەو ریکۆردە مێژووییەی بکات کە تۆماریکردووە.
 
لە بەرامبەردا یانەی ئیتیحاد تواناکانی کەریم بنزیمای بۆ گەڕاوەتەوە، یانەکە پاڵەوانی وەرزی رابردووە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات.
 
ئیتیحاد لەکاتێکدا چاوی لە بردنەوەی نازناوەکەیە، لە دوایین 10 یاریی نێوانیاندا 9 جار دۆڕاوە و جارێک یەکسانبووە، لەم وەرزەشدا هەردوو یانە جاری شەشەمە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و هەر پێنج یارییەکەی رابردوو هیلال سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.