رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوەیان لە پاریس سانجێرمان پێشاندا و دەڵێت "هەموو پاریس سانجێرمانمان راگرت، نەک تەنیا ئێمباپێ و شانازی بە یاریزانەکانمەوە دەکەم."
چاڤی لە دوای بردنەوەی یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بە 3-2، گوتی "ئەم ساتانە جێگەی شانازین، ئێمە بردنەوەیەکی گەورەمان بەرامبەر یەکێک لە باشترین یانەکانی جیهان بەدەستهێنا، نیوەی رێگەکەمان بڕی، بەڵام یاریی گەڕانەوە زەحمەت دەبێت."
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێت " هەموو شتێک بەباشی رۆیشت، دەمەوێت ستایشی بەرگریکاران بکەم، بۆ وەستاندنی هێرشبەرانی پاریس، ئەوان یەکسانبوون لە رووبەڕووبوونەوەی تاکدا."
چاڤی ستایشی تیپەکەی دەکات و دەڵێت "ئەوەی زیاتر سەرسامم دەکات، ئەو کەسایەتییە بەهێزەیە کە تیپەکەمان لە یارییە گەورەکاندا پێی دەردەکەوێت، لەکاتێکدا زۆر قورس بوو رووبەڕووی گوشاری یاریزانانی پاریس سانجێرمان ببیتەوە."
راهێنەری بارسا زیاتر گوتی "رۆژی پێویستمان لەبەردەمە بۆ کارکردن، تیپەکەمان لە یارییەکەدا بەشێوەیەکی نایاب دەرکەوت، لە رووی بەرگری و هێرشبەرییەوە ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد و لە بەشێکی زۆری یارییەکەدا لەوان باشتربووین، ئێمە بەباشی رووبەڕوویان بووینەوە و پاریسمان بەباشی راگرت، نەک تەنیا ئێمباپێ، ئاستی بەرگریکارەکانمان جیاوازییان دروستکرد."
چاڤی لەبارەی یاریی داهاتووە دەڵێت "راستە ئێمە بردمانەوە، بەڵام هێشتا هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە و پێویستە لە یاریی داهاتوودا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوین."
"ئەو بەهێزە، ئەو یەکەمە لە گوشارکردن و هەمیشە لە تیپەکەدا گرنگی بەوەوە دەدات، زۆر دڵخۆشم بە ئاستی ئەو و شایستەی ئەوەیە کە باشترینی یارییەکە بوو."، ئەمە قسەکانی چاڤی بوون کاتێک باسی ئاستبەرزیی رافینیای کرد.
چاڤی باسی ئاستبەرزیی کوبارسی دەکات و دەڵێت "من لە ستایشکردن دەرچووم، ئەو بەو شێوەیە رکابەری دەکات، وەکو ئەوەی لەرووی تەمەنەوە یاریزانێکی گەورە بێت، شتێک کە شانازیی پێوەدەکەم ئەوەیە کە بە یاریزانە تازەپێگەیشتووانەکان یاریی دەکەم، ئەنجامی یارییەکە زۆر نایاب بوو و دەتوانم بڵێم بارسێلۆنا زیندووە."
بارسێلۆنا یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە پاریس سانجێرمان بردەوە و بووە دووەم یانە لە دوای بایرن میونشن، زۆرترین یاری لە چامپیۆنزلیگدا لە پاریس سانجێرمان بباتەوە، بایرن 7 یاریی لەو یانەیە بردووەتەوە و بارسێلۆنا 5 جار لە پاریسییەکانی بردووەتەوە.
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە یاریگەی مونتجویک لە کەتەلۆنیا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ