گۆڵکاری یانەی سێڤییا: بەڕۆژووبوون لە خوا نزیکم دەکاتەوە

11-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یوسف نوسەیری مانگی رەمەزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یوسف نوسەیری، یاریزانی مەغریبی و هێرشبەری یانەی سێڤییای ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە بەڕۆژووبوون لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی توانا جەستەییەکانی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی بەڕۆژووبووندا لە یاریکردن و مەشق و راهێنانەکانیدا رووبەڕووی هیچ ئاستەنگییەک نابێتەوە.
 
نوسەیری لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، کە لەلایەن هەژماری فەرمی یانەی سێڤییاوە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە بڵاوکراوەتەوە، باسی لە خووەکانی خۆی کردووە لە ماوەی مانگی پیرۆزدا.
 
گۆڵکاری مێژوویی مەغریب، دەڵێت "مانگی رەمەزان زیاتر لە خوا نزیکمان دەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵدەدەم بە نەخواردنی زۆر خواردن جەستەم بپارێزم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەم ئەو خۆراکانە بخۆم کە لە روانگەی تەندروستییەوە سوودیان بۆ جەستە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو وزەیە بەدەستبهێنمەوە کە لە کاژێرەکانی بەڕۆژووبووندا لەدەستمداوە".
 
یاریزانی نێودەوڵەتیی مەغریبی، دانی بەوەدا نا کە لە رەمەزاندا رووبەڕووی هەندێک زەحمەتی دەبێتەوە، بەتایبەتی لە رۆژەکانی سەرەتای مانگی پیرۆزدا.
 
گوتیشی "زەحمەتییەکە تەنیا لە رۆژانی یەکەمدایە، دوای ئەوە ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەش بەندە بە کوالێتی خواردنەکە، ئەگەر خواردنی بەسوود بخۆیت، هەست بە برسێتی ناکەیت".
 
لە هەمانکاتدا نوسەیری جەختی لەوە کردەوە کە لە مانگی رەمەزاندا لە کاتی مەشقەکان یان یارییەکانی رۆژدا رووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک نابێتەوە.
 
ئەو زیاتر روونیکردەوە "هەر رۆژێکی رەمەزان بۆ من رۆژێکی ئاساییە، بە =شێوەیەکی ئاسایی راهێنان دەکەم، دواتر دەچمە ماڵەوە بۆ ئەوەی پشوویەک وەربگرم، دواتر چاوەڕێی بەربانگ دەکەم".
 
ئەو یاریزانە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب بەشداریی لە دوو مۆندیالی یەک لە دوای یەک، رووسیا 2018 و قەتەر 2022 کردووە، جەختی لەوە کردەوە کە رەمەزان بە ئامادەبوونی خێزانەکەی تەواو جیاوازە لە بەسەربردنی بە تەنیا.
 
هەروەها روونیشیکردەوە "کاتێک خێزانەکەم لەگەڵدایە، لەگەڵیان دەچمە دەرەوە بۆ بینینی هاوڕێکان، و پێکەوە کۆدەبینەوە، یاری دەکەین، نوێژ دەکەین و رۆژوو دەشکێنین، بەڵام لێرە لە ئیسپانیا بەڕۆژوو دەبم و تاوەکو دەتوانم لە ماڵەوە دەمێنمەوە".
 
وسەیری لە کۆتاییدا دەڵێت "لەگەڵ خێزانەکەم زیاتر چالاکم، بەڵام لەسەر خۆم هەوڵدەدەم زیاتر پشوو بدەم، زۆر بیر لەوە ناکەمەوە بچمە دەرەوە، چونکە زوو لەخەو هەڵدەستین، هەندێکجاریش کەش و هەوا گەرمە یان ساردە، هەندێکجار هەست بە تینوێتی دەکەین، بۆیە زیاتر لە ماڵەوە دەمێنمەوە".
 
نوسەیری لەم وەرزەی 2022-2023 لە 35 یاریدا لەگەڵ یانەی سێڤییا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 13 گۆڵی تۆمارکردووە، لەنێویاندا 7 گۆڵ لە خولی ئیسپانیا، هەروەها  باشترین گۆڵکاری تیپەکەیە لە سەرەتای وەرزەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە