لێدوانی راهێنەران لەبارەی یاریی بێنفیکا و ئینتەرمیلان

11-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی رۆجێر شمیت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، میوانداری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات. هەردوو راهێنەر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکدا قسەیان بۆ میدیاکاران کرد و باسیان لە رەوشی تیپەکانیان و ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کرد. 
 
پوختەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەردوو راهێنەرەکە بەمشێوەیە بوو:
 
رۆجێر شمیت، راهێنەری یانەی بێنفیکا:
 
هەردوو یانە وزە و هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ گەیشتن بەم قۆناخە، ئێمە و ئینتەرمیلانیش لە ریزی ئەو هەشت تیپەداین کە هێشتا لە چامپیۆنزلیگدا ماون، بۆیە پێشبینی دەکەین رووبەڕووی تیپێکی بەهێز ببینەوە، تیپێک کە بە تەرکیزێکی بەرزەوە یاری دەکات. بەڵام ئێمەش بەهەمان شێوە تیپێکی باشین، بۆیە دەمانەوێت باشترین ئاستی تۆپی پێ پێشکێش بکەین. پێویستە لەسەرمان ئامادەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیپێکی زۆر باش، تیپێک کە یاریزانی زۆر باشی هەیە، هەندێکیان توانای تاکەکەسی گەورەیان تێدایە. ئەوان بژاردەی زۆریان هەیە لە هێڵی هێرشبردن، بەرگری و هێڵی ناوەڕاست، پێموایە درک بەوە دەبەین کە پێویستە تاوەکو دەتوانین ئاستێکی باش پێشکێش بکەین.
 
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان:
 
پێویستە دۆخەکە شیبکەینەوە و کاری زۆر بکەین و باوەڕمان بەخۆمان هەبێت. دەزانین کە یارییەکەمان بەرامبەر بێنفیکا یارییەکی ئاسان نابێت. رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێز دەبینەوە کە لەسەر یاریگەی خۆیدا یاریدەکات. ئێمە دەزانین کە ئەگەر لە هەموو یارییەکدا بە یەکگرتوویی بمێنینەوە دەتوانین لەوە رازی بین کە دەیکەین. ئامانجمان ئەوەیە لە دۆخێکی باشدابین لە مانگی نیسان. لە خولی ئیتاڵیا کەمێک دواکەوتووین، بەڵام چانسی گەڕانەوەمان هەیە بۆ لووتکە.
 
بێنفیکا تیپێکی گەورەیە، ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگ و لە خولی پۆرتوگالدا ئاستێکی نایاب پێشکێش دەکات، یاریزانەکانی زۆر بەتوانان، ئەوان دەزانن چۆن کۆنترۆلی رووبەرەکانی یاریگە بکەن کاتێک تۆپیان پێیە و دەزانن چۆن یارمەتی یەکدی بدەن کاتێک تۆپیان بەدەستەوە نییە، زۆر رادەکەن. هەموو شتێک بە باشی ئەنجام دەدەن، تیپەکە لە سەرەتای ساڵەوە تەنیا دوو یاری دۆڕاندووە، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێکمان بدەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە