تۆماس توخێل: مانچێستەر سیتی تەنیا هالاند نییە

رووداو دیجیتاڵ

 

تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، پەسنی یانەی مانچێستەر سیتی و هێرشبەرەکی ئیرلینگ هالاندی دا و گوتی "لە دوای هاتنی هالاند بۆ مانچێستەر سیتی، پێموانییە یانەکە شێوازی یاریکردنی گۆڕیبێت، گۆڕانێکی زۆر نییە".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، میوانداری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات.
 
تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا باسی گرنگی ئێرلینگ هالاندی کرد و گوتی "لە دوای هاتنی هالاند بۆ مانچێستەر سیتی، پێموانییە یانەکە شێوازی یاریکردنی گۆڕیبێت، گۆڕانێکی زۆر نییە، شێوازی یاریزانەکە جیاوازە، بەڵام شێوازی یاریکردنی تیپەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە". 
 
ئەو زیاتر باسی هالاندی کرد و گوتی "ئێمە رۆڵی ئەو لە پێکهاتەکە و دروستکردنی هێرشەکاندا دەبینین، ئەو کارێکی باش دەکات. بێگومان شێوازی هالاند ناوازەیە، ئەوان ئەویان لە پێکهاتەکەیاندا زیادکرد، ئەویش جیاوازییەکی پێبەخشین کە ساڵانێکی زۆربوو لەدەستیاندابوو، چونکە یاریزانێکی لەو شێوەیەیان نەبوو. بەڕاستی بەرگریکردن لە بەرامبەریدا قورسە".
 
توخێل دووپاتیکردەوە کە مانجێستەر سیتی تەنیا هالاند نییە و گوتی "بێگومان هالاند یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە، سەیری ئەو ئەنجامانە بکەن کە بەدەستیهێناون و چۆن تینوی گۆڵکردنە. بەڵام بێگومان تیپەکە تەنیا ئەو نییە، بەو پێیەی زۆر یارمەتی دەدرێت و چەندین پاسی باشی پێدەدەن. هەر بۆیە دەمگوت دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو میکانیزمە بکەین کە مانچێستەر سیتی و یاریزانەکانی یاری پێدەکەن و پەیوەندی بە باڵا و خێراییەکەیانەوە هەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر هەلی گۆڵ تۆمارکردن بۆ هالاند دروست دەکەن".