سوپرایزێکی گەورە بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەی چێڵسی ئینگلیزی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی لاوی یانەی بارسێلۆنا دەستپێکرد.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا بڵاوکردەوە و دەڵێت "یانەی چێڵسی دەیەوێت سوود لە کێشەکانی تۆمارکردنی ناوی گاڤی وەربگرێت و یاریزانەکە لە بارسێلۆناوە بباتە ریزەکانی."
 
بەپێی سەرچاوەکە، بەرپرسانی یانەی چێڵسی 3 هەفتە لەمەوبەر لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کۆبووەتەوە، بەڵێنی گرنگی پێدان و مووچەیەکی گەورە و پاداشتی زۆر لە لەندەنەوە دراوەتە بەڕێوەبەری گاڤی و جگە لەوەش هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون، بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن."
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گاڤی نیگەرانە لەو کێشانەی بەهۆی تۆمارکردنی ناوەکەیەوە وەک یاریزانی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا تێیکەوتووە و بیر لەوە دەکاتەوە لە یانەکە بڕوات.
 
لە ماوەی رابردوودا دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا رەتیکردەوە ناوی گاڤی وەک یاریزانی یەکەمی بارسێلۆنا تۆماربکات، بەمەش یاریزانەکە بەدرێسی ژمارە 30ـەوە یارییدەکات، لەکاتێکدا بەدرێژایی ئەم وەرزە بەدرێسی ژمارە 6 یارییدەکرد.
 
گاڤی تەمەنی 19 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەر بارسا کێشەی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکە چارەسەر نەکات، ئەوا ناچار دەبێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.