سانێ: تۆخێل، گواردیۆلام بیر دەخاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لیرۆنی سانێ، لاباڵی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دووپات لەوە دەکاتەوە کە پێویستی بە پێشاندانی ئاستێکی باشتر هەیە، بەڵام پێیوایە کە رەخنەگران و هاندەرانی یانەکە، رەخنەی تووندی لێدەگرن و هەندێکجار زوڵمی لێدەکەن.
 
سانێ قسەی بۆ میدیای ئەڵمانی کردووە، دەڵێ، "دەزانم کە پێویستم بە ئەنجامدانی کاری باشتر هەیە لە هەندێک شتدا، بەڵام هەمووکات ئەو هەستەمە هەیە کە بەتووندی و بە ئاشکرا رەخنەم لێدەگرن".
 
سانێ زیاتر گوتوویەتی، "دوای ئەوەی گۆڵ دەکەم، ئاهەنگم بۆ دەگێڕن، بەڵام دوای یەک دوو یاری، دەبینم باسوخواس دەبێتە سەرئەوەی ئاخۆ من باشم یان خراپم؟ بەشی ئەوەم تێدایە یاریزانی بایرن یان هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بم".
 
سانێ بە قۆناخێکی ناسەقامگیر لەگەڵ بایرن تێپەڕی، دوای ئەوەی یولیان نایگلسمان لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە و یانەکەش لە جامی ئەڵمانیا دەرکرا.
 
لەبارەی شکستەکەی جامی ئەڵمانیاوە بەرامبەر فرایبۆرگ، دەڵێ، "بەشێوەیەکی گشتی دەبوو هەلی زیاتر دروست بکەین، ئەم شکستە تەنیا لە ئەستۆی خۆمانە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "پەیوەندیم لەگەڵ نایگلسمان باشبوو، بەداخم بۆ رۆیشتنی، بەڵام وەک تیپ نەماندەتوانی ئەنجامی پێویست بەدەست بهێنین".
 
ئەو ئاماژەی بەوەداوە کە "تۆماس توخێل زۆر هانی یاریزانەکانی دەدات". سانێ دەڵێ، توخێل، گواردیۆلام بیردەخاتەوە، وەک ئەو رۆژانە دێتە بەرچاوم کە لە ژێردەستی پێپ یاریمدەکرد.
 
بایرن میونشن، ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، سانێ هەست بەدڵخۆشی دەکات لەبەرئەوەی رووبەڕووی تیپەکەی پێشووی دەبێتەوە کە لە نێوان 2016 تاوەکو 2020 لە ریزەکانیدا یارییکردووە.
 
سانێ لە کۆتاییدا دەڵێ، "لەگەڵ سیتی کاتێکی نایابم هەبوو، تاوەکو ئێستاش هاوڕێم لەو تیپە هەن، هیوادارم بەدیداری ئەوان بگەمەوە، بێگومان بیری یاریگەکە و هاندەرەکانیشی دەکەم".