چاڤی باس لە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا دەکات

11-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، بێهیوایی و بێزاربوونی خۆی لە ئەنجامی یارییەکەیان بەرامبەر خیرۆنا نیشاندا. هەروەها باس لە ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ بارسێلۆنا کرد و گوتی "هاندەرانی بارسێلۆنا بەپەرۆشن بۆ گەڕانەوەی مێسی و لیۆش تامەزرۆی گەڕانەوەیە".
 
لە گەڕی 28ـی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا میوانداری یانەی خیرۆنای کرد و بەبێ گۆڵ لەگەڵ یەکسانبوو، بەمەش دەرفەتی ئەوەی لەدەستدا جیاوازی نێوان خۆی و ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی بکاتە 15 خآڵ.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکاران کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەنجامەکەیان بەدڵ نەبووە و گوتی "دیارە هەموومان بێزارین، چونکە یارییەکە هەلێک بوو بۆ پێشکەوتن بە 15 خاڵ، بەڵام نەمانبردەوە و دوو خاڵمان لەدەستدا، دەبووایە یارییەکە ببەینەوە، بەڵام نەمانتوانی، بۆیە بێ هیوا بووم".
 
ئەو هەروەها گوتی "پێموایە مۆڕاڵی هاندەرانی بارسێلۆنا زۆر ئەرێنییە، ئەوان بەها کۆششەکانی ئەم تیپە بەرز دەنرخێنن بۆ گەیشتن بەم پێگە نموونەییە، بەڵام ئێمە پێویستیمان بەوەیە ئەم نازناوە بەدەستبهێنین". 
 
کاتێک سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ بارسێلۆنا پرسیاریان لێکرد؟ چاڤی گوتی "سەبارەت بە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ یانەکەمان؟ پێموایە هاندەران زۆر بەپەرۆشن بۆ گەڕانەوەی ئەو، چونکە لە دوو یاریی رابردوودا لە خولەکی 10 ناوی ئەو دەڵێنەوە، ئەمە وروژاندنێکی زۆر دروست دەکات، لیۆش تامەزرۆی گەڕانەوەیە. بەڵام با بزانین چی روودەدات. دەبێت سەرنجمان لەسەر یارییەکانی داهاتوو و بردنەوەی نازناوی لالیگا بێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە