رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک کارلۆس کیرۆشی راهێنەری پۆرتوگالی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردی عێراق وەرناگرێت، دووپاتیشیکردەوە کە ئەو پرسە کۆنە.
میدیاکانی عێراق لەسەر زاری چەند میدیکارێکی میسری، هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە هەوڵی رازیکردنی کارلۆس کیرۆشدایە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراق.
فیراس بەحر ئەلعلوم، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتی "ئەوەی لەبارەی کیرۆشەوە بڵاوکراوەتەوە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی".
ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، گوتی "ئەو پرسە کۆنە، هی ئەو کاتەیە نوێدەکرێتەوە کە هێشتا کارلۆس کیرۆش پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی میسری وەرنەگرتبوو، ئەوکات ئێمە بیرمان لەو کردەوە، بەڵام بۆ ئەو باشتربوو بچێتە میسر، لەبەرئەوەی دۆخی میسر سەقامگیرە، هەروەها ئەو حەزیشی لێبوو راهێنەرایەتی کۆمەڵێک یاریزانی ئەستێرەی وەک محەممەد سەڵاح بکات".
بەحر ئەلعلوم دووپاتیکردەوە کە کیرۆش بە هیچ شێوەیەک نابێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و گوتی "هەر لە بنەڕەتدا بیرمان لەو نەکردووەتەوە و هیچ بنەمایەکی راست بۆ ئەو هەواڵە نییە".
ئەو ئەندامەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بۆ رووداوی دووپاتکردەوە، کە عەبدولغەنی شەهد لە پۆستی راهێنەرایەتی عێراق دەرنەکراوە، بەڵکو ئەو بەشێوەیەکی کاتی دانرابوو، ماوەی گرێبەستەکەی کە تاوەکو 1ـی نیسان بوو، کۆتاییهاتووە.
فیراس بەحر ئەلعلوم، سەبارەت بە دانانی راهێنەرێکی نوێ بۆ هەڵبژاردەی عێراق، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، گوتی "ئێمە حەزدەکەین راهێنەرێکی نێوخۆیی بێت، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێکمان نەداوە و لە کاتی گونجاودا بڕیار دەدەین".
کارلۆس کیرۆس، کە راهێنەرێکی بەنێوبانگە، دوای ئەوەی نەیتوانی هەڵبژاردەی میسر بگەینێتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، عەبدولغەنی شەهدیش لە دوایین دوو یاریی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال، ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو هەڵبژاردەیەی وەرگرت، بەڵام ئەویش سەرکەوتوو نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ