سادیۆ مانێ دەترسێت ئەنجامەکانی پرێمەرلیگ هەژمار نەکرێن

 

سادیۆ مانێ ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول ترسی ئەوەی هەیە کە ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەژمار نەکرێن و خولەکە هەڵبووەشێتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵیی "سپۆرت بەیبڵ"ی ئینگلیزی مانێ دەڵێت "ژیان بەبێ تۆپی پێ زۆر سەختە، بەڵام هەمیشە بەخۆم دەڵێم، ئای خودایە! ئەوە چییە لە جیهاندا روودەدات؟ دۆخێک هاتووەتەپێش، مرۆڤ نایەوێ گوێبیستی هیچ شتێک بێت، تەنانەت تۆپی پێش بۆ  کەس گرنگ نییە! ئێستا لە تۆپی پێ گرنگتر، تەندروستی خەڵکە، ژیان گرنگی خۆی هەیە، هەر بۆیە دەبێ هەموومان لە ماڵەوە بمێنینەوە".

سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، مانێ دەڵێت "بەڕاسی ئەوە ئازاربەخشە ئەگەر بێت و ئەنجامەکانی ئەم وەرزە هەڵبووەشێتەوە، ئاخر تیپەکەت بە جیاوازی 25 خاڵ لە پێشەنگ بێت و تەنیا 9 یاریت لە پێش بێت بۆ کۆتاییهێنان بە یارییەکانی ئەم وەرزە و بۆ مسۆگەرکردنی نازناوی ئەم وەرزە، پێویستیت بە دوو سەرکەوتن هەبێت، پاشان بیهێنە بەرچاوی خۆت، دوای ئەو هەموو ماندووبوونە خولەکە هەڵبووەشێتەوە! بەڕاستی ئەوە بۆ من بێهیواکەر دەبێت، کە وەرزێکی نایابمان پێشکەش کرد و بەرهەمی ماندووبوونەکەی نەچنینەوە".

هەروەها مانێ زیاتر گوتی "بەڵام با ئەرێنی بیر بکەینەوە، پێموایە دەتوانین کۆتایی بە یارییەکانی ئەم وەرزە بهێنین، هیوام گەورەیە کە لیڤەرپوول نازناوەکە بەدەستبهێنێت. بۆیە هێشتا هیوام لەدەستنەداوە".