مانچێستەر یونایتد بە دروستکردنی یاریگایەک جیهان سەرسام دەکات

رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی پڕۆژەی یاریگا نوێیەکەی ئاشکرا دەکات و خاوەنی ئەو یانەیە دەڵێت "گەورەترین یاریگا لە جیهاندا دروست دەکەین". ئەو یاریگایە توانای لەخۆگرتنی 100 هەزار هاندەری دەبێت و رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە گەشەسەندنی ئابووری حکومەتی بەریتانیا.
مانچێستەر یونایتد بەفەرمی پلانەکانی بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نوێی 100 هەزار کورسی راگەیاند، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی پڕۆژەی نوێکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد، کە دەبێتە هەنگاوێک و کارنامەی گەشەسەندنی ئابووری حکومەتی بەریتانیا بەرەوپێش دەبات.
بەپێی مەزندەکان ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ پلانی پەرەپێدانی فراوانتر ساڵانە بە بڕی 7.3 ملیار پاوەند بەشداری لە گەشەپێدانی ئابووری بەریتانیا دەکات و 92 هەزار هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت و زیاتر لە 17 هەزار خانووی نیشتەجێ دروست دەکات. ساڵانەش یەک ملیۆن و 800 هەزار گەشتیاری دیکە رادەکێشێت.
دیزاینی تەلارسازی شۆڕشگێڕانە
کۆمپانیای Foster + Partners کە کۆمپانیای دیزاینی پڕۆژەکانە، نموونەی سەرەتایی ئاشکرا کردووە کە یاریگا نوێیەکە و ناوچەکانی دەوروبەری چۆن دەبن، ئەم دیزاینانەش بنەمای لێکۆڵینەوە و راوێژکاری زیاتر لە قۆناخی داهاتوودا پێکدەهێنن.
تەلارسازی بەنێوبانگ نۆرمان فۆستەر، کە سەرپەرشتی دیزاینەکە دەکات، رایگەیاندووە، پڕۆژەکە "خێمەیەکی گەورە" لەخۆدەگرێت بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران، هەروەها گۆڕەپانێکی گشتی کە رووبەرەکەی دوو هێندەی گۆڕەپانی ترافالگارە لە لەندەن.
راتکلیف: بەرەو گەورەترین یاریگای تۆپی پێ لە جیهاندا
سێر جیم راتکلیف، خاوەنی هاوبەشی یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند، پڕۆژەکە نوێنەرایەتی دەستپێکردنێکی نوێیە بۆ یانەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ دەستپێکی گەشتێکی سەرنجڕاکێشە بەرەو دروستکردنی گەورەترین یاریگای تۆپی پێ لە جیهاندا، لە دڵی ناوچەی ئۆڵدترافۆرد کە بوژێنراوەتەوە. یاریگای ئێستامان بۆ چەندین ساڵ خزمەتێکی باشی کردووە، بەڵام چیدی هاوتای باشترینەکانی جیهان نییە.
راتکلیف زیاتر گوتی "یانەکە رۆحی ئۆڵدترافۆرد دەپارێزێت بەدروستکردنی یاریگا نوێیەکە لە تەنیشت شوێنی ئێستا، هاوکات ئەزموونێکی بێوێنەی هاندەران پێشکەش دەکات". ئەو هەروەها جەختیشیکردەوە کە پڕۆژەکە دەبێتە بزوێنەری نوێبوونەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەکە.
راتکلیف دووپاتیشیکردەوە کە حکومەتی بەریتانیا گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا دەدات، بەتایبەتی لە باکووری ئینگلتەرا و گوتی "شانازی دەکەین کە ئەم پڕۆژەیە هەم گرنگییەکی نیشتمانی و هەم گرنگییەکی ناوخۆیی هەیە".
بێرادا: یاریگای نوێ باشترین بژاردەیە
لای خۆیەوە عومەر بێرادا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانچێستەر یونایتد روونیکردەوە، یانەکە هەمیشە هەوڵدەدات باشترین بێت لە هەموو روویەکەوە و گوتی "ئامانجی درێژخایەنمان ئەوەیە باشترین تیپی تۆپی پێی جیهان لە باشترین یاریگای جیهان یاری بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، کارگێریی یانەکە بەڕاوێژ لەگەڵ هەزاران هاندەر و دانیشتوانی ناوچەکە تاوتوێی سەرجەم بژاردە بەردەستەکانیان کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە دروستکردنی یاریگایەکی نوێ بڕیارێکی دروستە بۆ داهاتووی مانچێستەر یونایتد.
هەروەها گوتی "بەردەوام دەبین لە راوێژکاری بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی هەواداران و کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە کاتی پرۆسەی بڕیاردان بە بیستراو دەمێنێتەوە".
فێرگسۆن: یونایتد دەبێت هەمیشە هەوڵی باشترین بدات
سەبارەت بە سێر ئەلێکس فێرگسۆن، بەڕێوەبەری ئەفسانەیی یونایتد، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی یانەکە کردەوە و گوتی "یونایتد دەبێت باشترین بێت لەنێو یاریگا و دەرەوەی یاریگا، ئەوە ئەو یاریگایەش دەگرێتەوە کە یاری تێیدا دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئۆڵدترافۆرد یادگاری تایبەتی هەیە، بەڵام دەبێت بوێربین و ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نوێ کە شایستە بێت بە داهاتوو".