رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید زۆر لە یاریزانێکی تووڕەیە و بەئەستەم دەزانرێت رێگە بدات لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت، کە پێیوایە خراپترین یاریزانی ریال مەدریدە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆدا هاندەرانی بێرنابیۆ فیکەیان بۆ لێدا.
لە یاریی ریال مەدرید و رایۆ ڤاییکانۆدا، هاندەرانی مەدرید بەڕووی لوکاس ڤاسکێزدا تەقینەوە، دوای ئەوەی نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ لێدا.
سەرەڕای رێزی زۆری بۆ ئەم یاریزانە، سەرۆکی ریال مەدرید پێیوایە ڤاسکێز دەرفەتی زۆری پێدراوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لەناو تیپەکەدا باشتر بکات، بەڵام بەردەوامە لەسەر ئاستێکی لاواز، بۆیە بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزدا لە ریال مەدرید دەربکرێت، چونکە کاتەکانی لەگەڵ تیپەکە تەواو بووە!
وەک ئەوەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە باسی دەکەن، فلۆرێنتینۆ پێرێز رازی نابێت خراپترین یاریزان لە یانەی ریال مەدرید بمینێتەوە.
ریال مەدرید سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یارییدا، کە بەرامبەر رایۆ ڤالیکانۆ بوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لە گێمی دووەمدا تیپەکە ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد و بەشێک لە یاریزانان ئاستێکی زۆر لاوازیان نیشاندا، ئەمەش نیگەرانی لای هاندەران و کارگێریی یانەکەی دروستکرد.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، لەنێو ئەو یاریزانانەدا، لوکاس ڤاسکێز کە لە هێڵی بەرگری راستدا گەڕاوەتەوە پێکهاتەی سەرەکی، جێگەی رەخنەی زۆر بووە. ئاستی ڤاسکێز لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبووە، چونکە جوڵە خاوەکانی و نەبوونی کارلێکی خێرا لەگەڵ رووداوەکانی یارییەکەدا سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، لە هەموویشی گرنگتر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدە، کە زۆر تووڕە بووە لەو ئاستەی ڤاسکێز.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، پێرێز بڕیاریداوە ڤاسکێز بەڕێبکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارگێڕیی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەوردی چاودێری ئاستی ڤاسکێز دەکەن، چونکە ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەپشتبەستن بە ئاستەکەی لە یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزەدا هەڵدەسەنگێندرێت.
لەهەمانکاتدا یانەکە هەوڵدەدات پێگەی بەرگریکاری راست بەهێز بکات بە گواستنەوەی یاریزانێکی بەتوانا، وەک ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، ئەمەش ڤاسکێز دەخاتە دۆخێکی سەختەوە.
زێدەباری هەموو ئەمانەش لەگەڵ گەڕانەوەی دانی کارڤاخال لە پێکان، ڤاسکێز خۆی لە کێبڕکێیەکی توونددا دەبینێتەوە بۆ بەدەستهێنانی جێگەی خۆی لە هێڵی بەرگریدا، بەمەش داهاتووی لە یانەی ریال مەدرید نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ