خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ یارییەکانی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ

11-03-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یارییەکانی گەڕانەوی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکاتەوە، لەگەڵ پێشبڕکێی هەشت یانە بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەگی کۆتایی خولەکە، ئەو تیپانەی کە لە یاریی یەکەمیاندا تووشی دۆڕان هاتوون لەم یارییەدا باشتر خۆیان ئامادەکردووە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و گوشارێکی زۆرتریان لەسەرە.
 
بارسێلۆنا - بێنفیکا
 
یانەی بارسێلۆنا میوانداریی بێنفیکا دەکات لە یاریگای مۆنجویک، بارسێلۆنا لە یاریی یەکەم بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە پۆرتوگال گەڕایەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرەتاکانەوە بە 10 یاریزان یارییەکەی ئەنجامدا کاتێک یاریزان کۆبارسی بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
لە لێدوانێکدا هانزی فلیکی راهێنەری بارسا، دەڵێت یانەی بێنفیکا زۆو بەهێزن لە هێرشی پێچەوانە، لە بەرامبەردا، یانەی بێنفیکا بەسوودوەرگرتن لە گەڕانەوەی ئانخێل دی ماریا، دەیەوێت لەنێو یاریگای بارسێلۆنا، ببێت بە یەکەم یانە خۆی بگەینێتە قۆناخی داهاتووی خولەکە.
 
بایرلیڤەرکوزن - بایرن میونشن
 
لە ئەڵمانیا، یانەی بایرلیڤەرکوزن کە بە تاکتیکە هێرشبەرییەکەی ناسراوە، رووبەڕووی ئاڵنگاریێکی سەخت دەبێتەوە بەرامبەر یانەی بایرن میونشن، کاتێک یانەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەئەنجامی 3-0 تووشی دۆڕان هات.
 
لە یاریی یەکەمدا یاریزان هاری کەین ئەسپی خۆی تاودا و بوو بە فریادڕەسی یانە باڤارییەکە بۆ سەرکەوتن کاتێک توانی دوو گۆڵ تۆماربکات لە یارییەکەدا. لە بەرامبەردا یانەکەی ئەلۆنسۆ پێویستە کلیلی گۆڵکردن بدۆزێتەوە بەرامبەر یانەی بایرن میونشن، و پارێزگاری لە گۆڵی خۆی بکات.
 
لە کاتێکدا کە لیڤەرکوزن پێویستی بەتۆمارکردنی چوار گۆڵ هەیە بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو، گورزێکی کوشندەی بەرکەوت کاتێک یاریزان فلۆریان ڤێرتزی ئەستێرە و گۆڵکارەکەی تووشی پێکان هات و ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا لیڤەرکۆزنییەکان بێهیوا نین و نایانەوێت خۆبەدەستەوە بدەن، هەروەک چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە لە تۆپی پێدا زۆر شتی چاوەڕواننەکراو روودەدات تپەکەی ئێمەش توانی پەڕینەوەی هەیە لەم قۆناخە.
 
ئینتەرمیلان - فاینۆرد
 
لە جۆسێپێ میازا، یانەی ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵەوە میوانداریی یانەی فاینۆردی ڤان پێرسی دەکات. یانە ئیتاڵیییەکە لە یاریی یەکەمدا لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا گورزی خۆی وەشاندووە بەسەرکردایەتی یاریزان لاوتارۆ مارتینێز و قاچێکی خستووەتە قۆناخی داهاتووە، بۆیە ئەمرۆ بە پشووێکی درێژ رووبەڕوووی یانەی فاینۆرد دەبنەوە، لە بەرامبەردا یانە هۆڵەندییەکە هیچ شتێکی نەماوە بۆ لەدەستدان و بەوپەڕی هێز و توانای بەپشتبەستن بە هێرشبەری سەرەڕمی، سانتیاگۆ خێمێنێز دەیەوێت هەر هیچ نەبێت ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
 
لیڤەرپوول - پاریس سانجێرمان
 
یاریگای ئانفێڵد مێژووێکی دیکەی ئەورووپییانە  دەنووسێتەوە، کاتێک میوانداریی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات، کە لە یاریی یەکەمدا یانە پاریسییەکە زۆر بەهێز دەرکەوت و تەنیا بەخت یاوەری نەبوو بۆ ئەوەی بەئەنجامێکی گەورە سەرکەوتن بەسەر بەربژێری سەرەکی پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستبێنیت.
 
لە یاریی پێشوودا لێڤەرپوول بە تاکە گۆڵی محەممەد سەڵاح سەرکەوت بەسەر یانە پاریسییەکە، بەڵام راهێنەر و هاندەران هێشتا ترسی ئەوەیان هەیە کە لەنێو یاریگای خۆیاندا تووشی دۆڕانێکی گەورەبن و ئەمجارە بەخت یاوەریان نەبێت و لە پاڵەوانێتییەکە دووربخرێنەوە، کە هەرگیز ئەوەیان ناوێت، چونکە ئەمساڵ چاویان لە بردنەوەی هەردوو نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە