خلێفی باسی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دەکات

11-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ناسڕ خلێفی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دان بەوەدا دەنێت کە هەلی بردنەوەی یانەکەی بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ زۆر زەحمەتە.
 
خلێفی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی دەڵێت "چامپیۆنزلیگ چیرۆکێکی درێژە، بەدڵنیاییەوە یاریزانەکان دەیانەوێت هەموو یارییەکان ببەنەوە."
 
سەرۆکی پاریس سانجێرمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "دەبێت لۆژیکیانە بیربکەینەوە، ئێمە خاوەنی تیپێکی باشین، بەڵام زۆربەی پێکهاتەی ئێستای تیپەکە نوێیە."
 
ناسڕ خلێفی زیاتر قسەیکرد و گوتی "لە دوایین یارییماندا لە چامپیۆنزلیگدا تەنیا 3 یاریزان لەو یاریزانانە بوون کە وەرزی رابردوو لە یانەکە بوون."
 
سەرۆکی پاریس سانجێرمان دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێت "ئێمە تیپێکی نوێمان هەیە، بۆیە ئەمە ئاسان نییە، پاریس بە تەنیا بە کۆکردنەوەی یاریزانی بە کوالێتی دروست نابێت."
 
خلێفی ستایشی لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەکەی دەکات و دەڵێت "شانازی بە کارەکانی دەکەم بۆ بونیادنانی تیپەکە و کارێکی زۆرباش دەکات، هەڵسەنگاندن تەنیا پەیوەندیی بە ئەنجامەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە شێوازی یارییکردن، ناسنامەی تیپ و ستراتیژییەتی بازرگانیشەوە هەیە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان باس لە لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشیی یانەکەی دەکات و دەڵێت "شانازی بە کارکردنی ئەوەوە دەکەم، شانازی بە یاریزانەکانەوە دەکەم و ئێمە هەموومان ئێستا دڵخۆشین."
 
قسەکانی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان لە کاتێکدایە، یانەکەی لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، سەرکەوتنی بەرامبەر ریال سۆسیدادی ئیسپانی بەدەستهێنا و گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی خولەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە