مۆرینیۆ بۆ وەرگرتنی یانەی نەسڕ داوای هاوکاری لە یانەی هیلال دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی بە یەکێک لە یانەکانی خولی سعودی بەردەوامن.
 
مۆرینیۆ دوای وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی رۆمای ئیتاڵی، بەبێ کار ماوەتەوە و هێشتا بەتەواوی دیارنییە داهاتووی ئەو راهێنەرە لە کام خول و یانە دەبێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، یانەی نەسڕ دەیەوێت لە وەرزی داهاتوودا جۆزێ مۆرینیۆ لە شوێنی لویس کاسترۆ بکاتە راهێنەری یانەکەی، بۆ ئەوەش پەیوەندیی بە راهێنەرەکەوە کردووە.
 
خالد رەشید، رۆژنامەڤانێکی سعودیە و دەڵێت "مۆرینیۆ داوای هاوکاریی لە خۆرخی خیسوس، راهێنەری یانەی هیلال کردووە و بۆ ئەوەی زانیاری زیاتری لەبارەی خولی سعودییەوە دەستبکەوێت، لەکاتێکدا دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێشی پێشکێشکراوە.
 
مۆرینیۆ زیاتر لە جارێک ستایشی خولی سعودیی کردووە و رایگەیاندبوو، رۆژێک لە رۆژان لە خولی سعودی دەیبنن، بەڵام وادەکەی بەتەواوی دیارنییە.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر بۆ بەڕێوەچوونی یاریی جامی سوپەری میسر، لەنێوان هەردوو یانەی ئەهلی و زەمالیک، مۆرینیۆ هاوشانی رۆناڵدۆ دێلیما و فرانچیسکۆ تۆتی چووە سعودیە و لە یاریگە ئامادەبوو.
 
ئەنجامەکانی یانەی نەسڕ بەدڵی هاندەرانی یانەکە نین، سەرەڕای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا ماون و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی سعودین، بۆیەش چاوەڕواندەکرێت یانەکە بیر لە گۆڕینی راهێنەرەکەی بکاتەوە.