سەرەڕای ئەوەی سڕکڕاوە.. دەستەوارەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ پۆگبا


رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخشەوە بۆ 4 ساڵ راگیراوە، پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی یوڤێنتوس دەتوانێت یاری بکات و دەستەوارەیەکی فەرمیشی پێشکێشکراوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی فەرمی دادگای بەدواداچوونی ماددەی وزەبەخش لە ئیتاڵیا بڕیارییدا، پۆڵ پۆگبا بۆ ماوەی 4 ساڵ رابگیرێت، بەهۆی ئەوەی ماددەی تێستیستیرۆنی بەکارهێناوە.
 
بەهۆی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە، پۆگبا تاوەکو چوار ساڵی دیکە لەسەر ئاستی ئەوروپا و خولە گەورەکان ناتوانێت یاری بکاتەوە، بەڵام دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێشی پێشکێشکراوە و دەکرێت لەو رێگەیەوە درێژە بە کاروانی یارییکردنی بدات.
 
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی فۆت مێرکاتۆی فەرەنسی، پۆڵ پۆگبا لە یەکێک لە یانە نەناسراوەکانی رووسیا بەناوی بروک بۆیز، کە لە خولی میدیاکارانی رووسی یاریی دەکات دەستەوارەیەک پێشکێشی پۆگبا کراوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "خولی تۆپی پێی میدیاکارانی رووسیا، سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە و فیفا نییە و یاریزانەکە لە ئەگەری پەیوەندیکردنی بەو یانەیەوە دەتوانێت لە یارییکردن بەردەوامبێت.
 
خولەکە چەندین کەسایەتیی کاریگەر و بەنێوبانگ تێیدا بەشدارن و هەزاران هاندەری لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە.
 
بەپێی رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی، یانە رووسییەکە نامەیەکی بۆ پۆگبا و رافایێلا بێمنتای بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە ناردووە و ئامادەیە مانگانە مووچەیەک بە 1500 دۆلار بداتە یاریزانەکە، جگە لەوەش شوێنێکی تایبەت بۆ یاریزانەکە دابین دەکات لە ئودینتسوڤۆ  و لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە نابێت.
 
ئەگەر پۆگبا بە دەستەوارەی یانە رووسییەکە رازی نەبێت، تاوەکو ساڵی 2027 ناتوانێت یاری بکاتەوە.
 
پۆڵ پۆگبا تەمەنی 30 ساڵە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، بەڵام ئەگەری هەیە یوڤێ گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.