بەردەڕەش.. یانە سەرەنجڕاکێشەکەی ئەمساڵی نێو یاریگەکانی کوردستان

رووداو هەولێر

یانەی وەرزشیی بەردەڕەش، یەکێکە لەو تیپانەی ئەمساڵ لە یاریگەکانی کوردستاندا زۆرترین سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشاوە. راهێنەرەکەیشی بە رووداوی گوت "ئەگەر پشتگیریمان بکرێت، نەک هەر خولی پلەدوو و پلەیەک، بەڵکو لە خولی نایابی کوردستاندا یاری دەکەین و تەنانەت رکابەری لەسەر نازناوەکەش دەکەین".
 
راهێنەری گەنج عەلی رەئووف، سەرکردایەتی تیپی تۆپی پێی یانەی بەردەڕەش دەکات، کە ئەو تیپەی لە پاڵاوتنەکانی خولی پلەدووی کوردستاندا بە ئاستێکی زۆر بەرزدەرکەوتووە و لە هەشت یارییدا هیچ یارییەک نەدۆراوە و بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی A سەرکەوتووە، کە دوایین سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی تەق تەق بوو، کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا 4-1 لێیبردەوە.
 
عەلی رەئووف، راهێنەری یانەی بەردەڕەش، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی ئەوەی کرد کە خۆشەویستی خۆی و یاریزانەکانی بۆ شارەکەیان وایکردووە ئەوان هەموو شتێک لەنێو یاریگەدا بکەن بۆ بردنەوە و گوتی "هەموو تیپەکەمان بە رۆحی خزمەتکردنی شارەکە یاری دەکەن، یاریزانەکان یەکگرتوون، بۆیە تیپێکی بەهێزمان هەیە".
 
ئەو هەروەها گوتی "تیپەکەم لە 8 یارییدا تامی دۆڕانی نەکردووە، 5 سەرکەوتن و سێ یەکسانبوونمان هەیە و بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر نازناوی خولی پلە دووەکان بکەین".
 
عەلی رەئووف، باسی لەوە کرد کە توانا داراییەکانیان کەمە، ئەگەرنا دەیانتوانی تیپێکی زۆر بەهێز دروست بکەن و گوتی "بەداخەوە توانا داراییەکانمان باش نین، ئەگەرنا ئەگەر پشتگیریمان بکرێت، هیچمان لە یانەی ئاکرێ کەمتر نییە، نەک هەر خولی پلەدوو و پلەیەک، بەڵکو لە خولی نایابی کوردستان یاری دەکەین و تەنانەت دەتوانین رکابەری لەسەر نازناوەکەش بکەین".
 
ئەو زۆر پەسنی مامۆستا سەمیر عەبدولقادر، سەرۆکی یانەی بەردەڕەشی دا، کە بە مامۆستا عەنتەر ناسراوە، و بە هۆکارێکی سەرەکی ئاستبەرزی یانەکەیان دەزانێت و لەبارەیەوە گوتی "مامۆستا عەنتەر پیاوێکی وەرزشوان و دڵسۆزە بە شارەکەی، ئەو هەمیشە پشت و پەنای یانەکەیە و زۆرجار لە گیرفانی خۆی خەرجی بۆ یانەکە دابین دەکات، بۆ نموونە لە دوایین یارییماندا هەموو تێچووی گەشتەکەمان بۆ تەق تەق لە ئەستۆ گرت، کە سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێنا".
 
هەروەها لەبارەی سەرۆکی یانەکەیانەوە، گوتی "ئەم مانگە بڕی سێ ملیۆن و نیو دیناری خۆی هێناوە بۆ ئەوەی مووچە و شایستە داراییەکانی یاریزانان بدرێت".
 
ئەو راهێنەرە گەنجەی یانەی بەردەڕەش داوادەکات پشتگیری یانەکەیان بکرێت بۆ ئەوەی توانا و بەهرەکانی ئەو دەڤەرە بەهەدەر نەچن و بتوانن لە چوارچێوەی تیپێکی بەهێزدا لە خولەکانی کوردستاندا رکابەری بکەن.
 
وەک کاپتن عەلی رەئووف باسی کرد، یانەکەیان لە 2021 گەیشتە خولی پلە یەکی کوردستان کە ئەوکاتیش خۆی راهێنەر بوو، بەڵام بەهۆی کەمی توانا داراییەکان دابەزی. بۆیە وەک خۆی بە رووداوی گوت "ئەگەر توانا دارایی و پشتگیرییەکان بۆ خۆی و ریاریزانەکانی باشتر نەکرێن، لەوانەیە نەتوانن بەردەوام بن".
 
ئێستا زۆربەی یاریزانەکانی تیپی تۆپی پێی یانەی بەردەڕەش خەڵکی دەڤەرەکەن، تەنیا سێ یاریزانی ئێرانی و دوو یاریزانی شاری موسڵ یارییان بۆ دەکەن.