یەکێتیی تۆپی پێی عێراق: کاساس ئازادە لە دیاریکردنی یاریزانان

رووداو هەولێر

بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی فیلپین لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دەستپێبکەن. 
 
دوێنێ یەکشەممە عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە شاری بەغدا لەگەڵ خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و هاوکارانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە راهێنەر کراوە کە بەدەستهێنانی 6 خاڵ دەرفەتێکی باش دەدات بە عێراق بۆ هەنگاونان بەرەو مۆندیال و گەیشتن بە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027 لە سعودیە. 
 
میدیاکانی عەرەبی پێکهاتەیەکی چاوەڕوانکراوی خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەم یارییە بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیەیە: جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، محەممەد ساڵح، رێبین سولاقا، زەید تەحسین، مەناف یونس، فڕانس بترس، سەعد ناتق، مستەفا سەعدون، حوسێن عەلی، مێرخاس دۆسکی، زەرغام ئیسماعیل، ئەمیر عەمماری، سەفا هادی، ئوسامە رەشید، زیدان ئیقبال، عەبدوڕەزاق قاسم، لوئەی عانی، عەلی جاسم، بەشار رسن، مونتەزر ماجد، حەسەن عەبدولکەریم، ئیبراهیم بایش، ئەحمەد یاسین، یوسف ئەمین، ئەیمەن حوسێن و موهەند عەلی. 
 
غالب زاملی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەو ناوانەی لە بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بڵاوکراوەتەوە تەنیا پێشبینیکراوە، ئێمە بەشێوەیەکی فەرمی ماوە کە بڵاوی بکەینەوە، چونکە بەشێک لە یاریزانان هێشتاوە ماوە کە بانگهێشتیان بکەین و راهێنەرمان بەتەواوی ئازاد کردووە لە بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی پێکهاتەکەی". 
 
هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 21ـی ئەم مانگە لە شاری بەسرە میوانداری هەڵبژاردەی فیلپین دەکات، رۆژی 26یش لە مانێلا یاری لەگەڵ هەمان هەڵبژاردە لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکات.
 
زاملی، زیاتر روونیکردەوە "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە عەشق و پاڵپشتی هاندەرانمان بۆ تیپەکەیان، لەوە دڵنیاین لە بەسرە هیچ تێپێک ناتوانێت خاڵ بباتە دەرەوە، پلانی تایبەتمان لەگەڵ دەستەی راهێنەران داناوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو 6 خاڵە لە هەڵبژاردەی فیلپین وەرگرین".
 
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین بەشداریکردنی جامی ئاسیای قەتەر، لە قۆناخی 16 ماڵئاواییکرد، کە لە ریزی هەڵبژاردەکەدا 6 یاریزانی کورد یارییان دەکرد. 
 
ئێستا شەقامی وەرزشی هەموو چاوییان لەسەر خیسۆس کاساسی راهێنەرە، ئەم پیاوە ئیسپانییە لە یەکەم کارکردنی لەگەڵ عێراق نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، هەرچەندە لە جامی ئاسیای قەتەر کەوتە بەر توانج و رەخنەی بەشێک لە رۆژنامەنووسانی عێراق، بەڵام محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتی راهێنەرەکەی کرد و هەموو پاڵپشتییەکی بۆ مانەوەی وەک راهێنەری هەڵبژاردەکەیانی بۆ دووپاتکردەوە.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا تانی جارێک لە ساڵی 1986 گەیشتووەتە مۆندیال لە مەکسیک، لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بردووەتەوە. 
 
هەڵبژاردەی عێراق، لە کۆمەڵەی شەشەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیایە بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026، عێراق دوای دوو بردنەوە بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییەکەیە.