لێدوانی گولەر دوای ئەوەی یەکەم گۆڵی بەدرێسی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد

11-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاردا گولەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاردا گولەر، ئەستێرەی لاوی تورکیا و یانەی ریال مەدرید یەکەم گۆڵی خۆی بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد و دەڵێت "کەسایەتیم بەهێزە و دەتوانم بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بم."

لە یاریی ریال مەدرید و سێلتا ڤیگۆ کە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، ئاردا گولەر، گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و هاوکاریی یانەکەی کرد، بۆ بردنەوەی یارییەکە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر، گۆڵەکەی یاریزانە تورکەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
دوای تۆمارکردنی ئەو گۆڵە، ئاردا گولەر دەڵێت "زۆر دڵخۆشم لە ریال مەدریدم، ئەمە باشترین یانەی جیهانە و دەزانم چەند قورسە، بەڵام کوالێتی و کەسایەتیم هەیە و دەتوانم بەسەریدا زاڵ بم."
 
ئاردا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "تاوەکو ئێستا وەرزێکی سەختم هەبوو، بەڵام هیوادارم دوای تۆمارکردنی ئەم گۆڵە هەموو شتەکان بەرەو باشی بچن."


یاریزانەکە زیاتر دەڵێت "زۆر دڵخۆشم بە تۆمارکردنی یەکەم گۆڵم بۆ ریال مەدرید، هیوادارم دوای ئەمە شتی زۆرباشتر بێنە پێشەوە، زۆر دڵخۆشم لێرە و دەمەوێت ژمارەیەکی زۆری گۆڵ بکەم و بە رژدییەوە کار بۆ ئەمە دەکەم."
 
گولەر سوپاسی هاوڕێکانی دەکات و گوتی "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە پاڵپشتیان کردم کاتێک بە رۆژانی سەختدا تێدەپەڕیم."

 

 
جگە لەم قسانە لاوە تورکەکەی ریال مەدرید لە ئینستاگرام وێنەیەکی کاتی ئاهەنگگێڕانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی با دەست پێ بکەین.
 
ئاردا گولەر، لە گواستنەوەی هاوینی ساڵی رابردوو پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، یاریزانەکە هەلێکی زۆری یارییکردنی پێنەدراوە و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەگەری هەیە یاریزانەکە بەخواستن لە ریال مەدرید بڕوات، بەڵام چاوەڕواندەکرێت دوای ئەم گۆڵە دۆخی یاریزانەکە پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە