ڤیدیۆ؛ ناپۆلی دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی هەفتەی رابردووی بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە پانزە خاڵی تەواو لە پێش نزیکترین رکابەرەکانیەوەیەتی و یارییەکیشی کەمتر لەو نزیکترین رکابەرە ئەنجامداوە کە ئینتەرمیلانە، بەڵام ناپۆلی چاوی لەوەیە ئەم هەفتەیە سەرەتای هەڵسانەوە و گەڕانەوە بۆ سەرڕاستەڕێی سەرکەوتنەکان بێت، پاش ئەو شکستە چاوەڕواننەکراوەی هەفتەی رابردوو بەرامبەر لازیۆ تووشی بوو.
 
ناپۆلی ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا میوانداری ئاتلانتا دەکات و بردنەوەی یارییەکە دەبێتە هەنگاوێکی دیکە لەسەرەڕێی هەوڵەکانی ناپۆلی بۆ گەیشتن بەو نازناوەی سێریا ئەی کە ساڵانێکی زۆرە یانەکە چاوەڕێی دەکات.
 
لەگەڵ درەوشانەوەی کۆی تیپەکەی لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەردا، ڤیکتۆر ئۆسیمینیش وەک خاڵی هەرە درەوشاوە لە پێکهاتەکەدا دەردەکەوێت و ئەو یاریزانە کە خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی سێریا ئەی بەدەستهێناوە، چاوی لە بەردەوامبوون و درەوشانەوەی زیاتر و پێشەوایەتیکردنی ناپۆلییە بۆ بردنەوەیەکی دیکە لە یاریگەی خۆیدا.
 
ئاتلانتا گەرچی لە نێو بازنەی ململانێ لەسەر نازناوی خولەکەدا نییە، بەڵام بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەوی بۆ گرنگە چونکە نایەوێ لە سنوورەکانی رکابەریکردن لەسەر کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو بێتە دەرەوە.
 
گەرچی دوو یاریی رابردووی نێوان ئەو دوو یانەیە بە سەرکەوتنی ناپۆلی بەسەر ئاتلانتادا کۆتاییهاتووە، بەڵام ئاتلانتا لە ساڵانی نزیکی رابردوودا تیپێکی بەسەرئێشەو و تەگەرە دروستکەربووە لەسەرڕێی ناپۆلیدا و زۆرجار خاڵی لێوەرگرتووە و هەر ئەو خەیاڵەش ئەمشەو بۆی هەیە کەمێک ناپۆلی لە یارییەکەدا بترسێنێت.
 
بۆ ناپۆلی کە لە ریتمی بەرەو سەرچوو و چاوەڕواننەکراوی خۆی لەسەرەتای وەرزەوە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەردەوامە، گرنگە بەرلەوەی لە چامپیۆنزلیگدا بکەوێتە نێو گێژاوی رکابەریی تووندی گەورەکانی ئەوروپا و خشتەی قەرەباڵخی یارییەکانەوە، لە سێریا ئەیدا رکابەریی لەسەر نازناوەکە زیاتر و زیاتر لە بەرژەوەندی خۆی بەلادا بخات و زیاتر و زیاتریش لە رکابەرەکانی دووربکەوێتەوە.
 
لە یارییەکەی ئەمشەو و ئەو یارییانەی دیکەشدا کە تیپەکە لە سێریا ئەی ئەنجامیدەدات لە هەفتەکانی داهاتوودا، زۆر گرنگە کە سپالێتی، خەیاڵ و بیرکردنەوەی یاریزانەکانی لەو هەموو سەرنجە میدیاییە بپارێزێت کە کەوتووەتە سەریان و لە ئێستاوە یاریزانانی وەک ڤیکتۆر ئۆسیمین و کڤارا و چەندین یاریزانی دیکەی یانەکە، بوونەتە باسوخواس و شوێن سەرنجی یانەکانی دیکە و لە ئێستاوە باس لە گرێبەستکردن لەگەڵیاندا دەکرێت... سپالێتی پێویستی بە ئارام هێشتنەوەی یاریزانەکانی و ژووری جلگۆڕین لە ژێر کۆنترۆڵدایە، بۆ ئەوەی لە کۆتاییەکانی پێشبڕکێیەکەدا، بیرکردنەوە لە داهاتوو، ئێستا لە ژێر دەستی تیپەکەی دەرنەهێنن.