دیشام سەبارەت بە دوورخستنەوەی بنزیما لە مۆندیال بێدەنگی شکاند

11-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیدێ دیشام کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بێدەنگیی شکاند سەبارەت بە بابەتی دوورخستنەوەی کەریم بنزیما لە کەمپی تیپەکەیان لە قەتەر، پێش دەستپێکردنی مۆندیال، کە بۆ یەکەمجارە هەندێک لەو نهێنیانە ئاشکرا دەکرێن.
 
چەند رۆژێک لە دوای دوورخستنەوەی بنزیما، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە رایگەیاند، کە کەریم ئامادەبووە، بەڵام بەئەنقەست ویستوویانە دووریبخەنەوە، ئەمەش هەرایەکی میدیایی هێنایەوە و دواتریش کەریم بڕیاریدا بە یەکجاری واز لە یاریی نێودەوڵەتی بێنێت.
 
دیشام لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی قسەی کرد و گوتی "کەریم لە 14ـی ئەم مانگە پەیوەندی بە ئێمەوە کرد دوای ماوەیەکی نیمچە ناچالاکی لەگەڵ یانەکەی. ئەو بەرنامەیەکی تاکەکەسی پەیڕەوکرد، گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی بەکۆمەڵیش دواخرا، ئامانجم ئەوەبوو کە ئامادەی بکەم بۆ ئەوەی بەرامبەر ئوسترالیا یاری بکات".
 
راهێنەری فەرەنسا زیاتر گوتی "کاتێک کەریم تووشی پێکان بوو، پزیشکەکەمان یاوەری کرد بۆ کلینیکەکە بۆ پشکنینی MRI، کەریمیش پزیشکەکانی لە مەدرید لە دۆخەکە ئاگادارکردەوە، کاتێکیش دوای نیوەی شەو گەڕایەوە بۆ هۆتێلەکە، راپۆرتەکەی پێشکەش کردم، دەستنیشانکردنی پزیشکەکەمان لەگەڵ پزیشکانی مەدریددا وەکیەک بوو، لە باشترین دۆخدا نەدەکرا پێش 10ـی کانوونی دووەم بگەڕێتەوە نێو مەشق و راهێنانەکان".
 
کەریم بڕیاریدا بڕوات
 
دیشام هەروەها روونیکردەوە کە داوای لە بنزیما کردووە پەلە نەکات لە هیچ بڕیارێک و گوتی "بۆ ماوەی 20 خولەک لەگەڵیدا ماینەوە، داواملێکرد لەگەڵ بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی نیشتمانی هەماهەنگی بکات، بەڵام کاتێک لەخەوهەستام زانیم کە رۆیشتووە". 
 
راهێنەری کەڵەشێرەکانی فەرەنسا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوە بڕیاری خۆی بوو، ئەویش بەپێچەوانەوە ئەوەت پێناڵێت، بەڵام من تێگەیشتم و رێزم لە بڕیارەکەی گرت".
 
راهێنەرە فەرەنسییەکە هەروەها رەتیکردەوە یاریزانەکە ئامادەبووبێت بۆ بەشداریکردن لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیل بەرامبەر مەغریب و گوتی "ئایا رەوایە ئەو لەو دۆخەدا ئامادەبێت بۆ بەشداریکردن لە یارییەکی پێشکۆتایی مۆندیال؟ کەریم خۆی پێیگوتم کە ئامادە نییە".
 
هەروەها راهێنەری کەڵەشێرەکان دڵخۆشیی هەر کەسێکی نێو شاندی هەڵبژاردەکەیانی بە رۆیشتنی بنزیما رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە "نازانم کێیە ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە بڵاودەکاتەوە؟".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، دیشام پەیوەندی بەردەوامی خۆی لەگەڵ بنزیما تەنانەت دوای مۆندیالیش ئاشکراکرد و گوتی "گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان کرد، بەڵآم ئەو سووربوو لەسەر بڕیاری وازهێنان لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی بخاتەڕوو".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە