له‌ ئیندیان وێڵز دوو خوشكه‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌ براوه‌بوون

رووداو - هەولێر

لە ئەمریکا، یارییەکانی تێنسی ئیندیان وێلز بەردەوامییان هەیە و رکابەرییەکانیش گەیشتنە قۆناخی سێیەم، لە گرنگترین ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی ئەمڕۆشدا، هەردوو خوشکە ئەمریکییەکە واتا سێرینا و ڤینۆس ویلیامز بردنەوەیان بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی کوڕانیش تۆماس بێردیچ و دۆمینیک تیم براوە بوون.

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی تێنسی ئیندیان وێڵز بەردەوامیان هەیە پاڵەوانێتییەکە گەیشتووەتە قۆناخی سێیەم، لە پاڵەوانێتی ئەمجارەدا، چەند تێنسزانێکی کچ و کوڕی لاو هەڵکەوتوون و تەنگیان بە تێنسزانە گەورەکان هەڵچنیوە.

لەسەر ئاستی کوڕاندا، تۆماس بێردیچی چیکی بردنەوەی بەسەر ماکسیمیلیان مارتێرێری ئەڵمانیدا بەدەستهێنا، یارییەکە بۆ تۆماس قورس نەبوو، دوو کۆمەڵەی ئاسانی بێوەڵام ناونیشانی یارییەکە بوو، ئەنجامەکانیشی شەش یەک و شەش چوار بوون.

لە قۆناخی داهاتووشدا بێردیچ رووبەڕووی هیۆن چونگی تێنسزانی کۆریای باشوور دەبێتەوە.

لە یارییەکی دیکەشدا دۆمەنیک تیمی نەمسایی بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک لە ستیفانۆس تسیتسیپاسی یۆنانی بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش شەش دوو سێ شەش و شەش سێ بوون، یاری داهاتووی دۆمەنیک بەرامبەر پابلۆ کوێڤاسی ئۆرۆگوایی دەبێت.

لەسەر ئاستی کچانیشدا ڤینۆس ویلیامز خانمە تێنسزانی ئەمریکی رووبەڕووی سۆرانا کریستیای رۆمانی بووەوە و یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر لێبردەوە.

ئەنجامی کۆمەڵەکان شەش سێ و شەش چوار بوون و یارییەکەیان کاژێرێک و 20 خولەکی خایاند.

دوای خوشکی گەورە نۆرەی خوشکە بچووک و پاڵەوانەکەیە، سێرینا ویلیامز هاوشانی ڤینۆس گەیشتە قۆناخی سێیەم دوای بردنەوەی لە کیکی بێرتێنزی خانمە تێنسزانی هۆڵەندی.

سێرینا لە یارییەکەدا کەمێک زەحمەتی بینی و یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی بێوەڵام و بە ئەنجامەکانی حەوت شەش و حەوت پێنج بردەوە.
لە قۆناخی داهاتووشدا هەردوو خوشکە ئەسمەرەکە لەسەر بلیتی گەیشتن بە قۆناخی چوارەم رکابەری دەکەن.

لە یارییەکی دیکەشدا کارۆلین ڤۆژنیاکی خانمە شۆخەکەی دانیمارک سەرکەوتنی بەسەر لارا ڤێچینۆی خانمە تێنسزانی ئیسپانیدا بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی سێیەم.

یارییەکە بۆ کارۆ ئاسان بوو کاتێک بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر و بە ئەنجامەکانی شەش چوار و شەش یەک یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتاییپێهێنا.

یاریی داهاتووی ڤۆژنیاکی لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر ئالێکساندرا ساسنۆڤیچی خانمە تێنسزانی بیلارووسیا دەبێت.


دارشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا